کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆ خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ، وڵاتێکی گونجاو نییە

10:01 - 23 بەفرانبار 2722

بەپێی ئاماری چاوەدێریی کۆچبەریی ئێران لە سەتا ٦٩ی خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ دەڵێن، ئێران وڵاتێکی باش و گونجاو نییە بۆ ژیان.

ناوەندی چاوەدێریی کۆچبەریی ئێران لە دوایین ئاماری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ساڵانە ٧٠ هەزار کەس لە ئێران کۆچ دەکەن و دەچنە وڵاتانی ڕۆژاوایی.

ئەو ناوەندە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە سەتا ٥٠ی ئەو کەسانەی کە لە ئێران کۆچ دەکەن پەناخوازن و لەو ڕێژەیەش ١٥ بۆ ٢٠ هەزار کەسیان خوێندکاری زانکۆ و دەرچووانی زانکۆن و ئەوانی دیکەش بە ڤیزای کار لە ئێران دەچنە دەرەوەی وڵات.

سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وای لە خوێندکاران و خەڵکی ئێران کردووە کە لەڕووی ناچارییەوە وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن و بە مەبەستی گەییشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بکەن.