کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان داوای هەڵوەشانەوەی گرووپی پارلمانیی ئێران و ئاڵمانی کرد

11:11 - 23 بەفرانبار 2722

حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان یەکێک لە گەورەترین حیزبەکانی پارلمانی ئەو وڵاتە، پێشنیاری کردووە کە گرووپی دۆستایەتیی پارلمانیی ئاڵمان و ڕێژیمی ئێران هەڵبووەشێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ''ئی‌وان ڕای'' نوێنەری پارلمانی ئاڵمان بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە کە گرووپی دۆستایەتیی پارلمانیی ئاڵمان و ڕێژیمی ئێران هەڵبووەشێتەوە، وتی: ''کاتێک ٢٢٧ نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی دەکەن، ئیتر دۆستایەتی لەنێوان ئێمەدا نامێنێت."

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، ٢٢٧ بەناو نوێنەر لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران داوایان کرد کە دەسبەسەرکراونی خۆپیشاندانەکان لەسێدارە بدرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە نوینەرانی پارلمانی ئاڵمان کەفاڵەتی سیاسیی خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو لە ئێرانیان وەئەستۆ گرتبوو.

جینایەت و سەرکوت و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دەرحەق بە خەڵکی ناڕازی لە ئێران و کوردستان، کاردانەوەی توندی زۆربەی وڵاتان و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی لێ کەوتووەتەوە، بە شێوەیەک کە ڕێژیمی ئێران هەر ڕۆژە زیاتر تەریک دەبێتەوە.