کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی گازی سروشتی لە ئێران کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە

09:58 - 24 بەفرانبار 2722

هاوکات لەگەڵ کەمیی گاز و بەکارهێنانی زۆری گاز بەهۆی ساردبوونی کەشوهەوا لە ئێران، بەرپرسێکی ڕێژیم داوای لە خەڵک کردووە کە کورە گازییەکانیان بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر لە ڕۆژدا بکوژێننەوە.

"محەممەد ڕەزا جولایی" یەکێک لە بەرپرسانی کۆمپانیای میللیی گازی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی" ئیلنا" ڕایگەیاند کە بەهۆی کەمیی گازی سروشتییەوە وڵات تووشی قەیران بووە و لە ئێستادا ڕۆژانە ٨٥٠ میلیۆن میتری دووجا گاز لە ئێراندا بەرهەم‌ دەهێندرێت، بەڵام لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەنیا شوێنە نیشتەجێبوونەکان و شوێنە بازرگانییەکان زیاتر لە ٧٠٠ میلیۆن میتری دووجا گازیان بەکار هێناوە و ئەم ڕادەیە لە بەکارهێنان لە دواڕۆژدا دەبێتە هۆی کەمیی گازی سروشتی.

ناوبراو هەروەها لەسەر ئەوە جەختیشی کردەوە کە دەبێ لە ئێستادا هاووڵاتییان لە ماڵەکانیاندا ڕۆژانە بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر کورە گازییەکانیان بکوژێننەوە کە بە جۆرێک ئەو کەمیی گازە قەرەبوو بکرێتەوە.

سەرڕای ئەوەیکە ئێران یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی گازی سروشتیی جیهانی هەیە، بەڵام بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسان و فرۆشتنی گازە سروشتییەکەی بە وڵاتانی دەوروبەر لە ئێستادا وڵاتەکەی خۆی لەم وەرزی سەرمایەدا تووشی کەمی و قەیرانی گاز بووە.

هەروەها ئەو پارەیەی کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتییەوە بە دەستی دێنێت تەنیا خەرجی گرووپە میلیشا و تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.