کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ڕێگەی دەربازبوون لە کێشەکانی وڵات سێدارە نییە

10:00 - 24 بەفرانبار 2722

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، سەرەڕای ئەوەیکە داوای ئازادکردنی نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و لاوان و گەنجانی دەسبەسەرکراوی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەکات، وتی: ڕێگەی دەربازبوون لە کێشەکانی وڵات سزای سێدارە نییە.

ڕۆژی هەینی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، "مەولەوی عەبدولحەمید" پیشنوێژی هەینیی مزگەوتی "مەککیـ"ـی زاهیدان لە خوتبەکانی نوێژی هەینیدا، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و سەرکوتکردنی خەڵکی خۆپیشاندەر لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە وتی: نابێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لەبەر ئەوەیکە خۆیان لەو قەیرانە گەورەیە کە هەموو ئێرانی گرتووەتەوە دەرباز بکەن گەنجان و لاوانی ئەو وڵاتە لەسێدارە بدەن.

ناوبراو هەروەها وتی: گەلانی ئێران داوای مافە زەوتکراوەکانی خۆیان دەکەن، بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا بە سەرکوت، ئەشکەنجە، کوشتن و لەسێدارەدان وڵامی داواکاری و داخوازییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەدەنەوە.