کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد

10:19 - 24 بەفرانبار 2722

دایە "سوورگوڵ شەکووری" هاوسەری شەهید "عەبدوڵڵا یاسین‌زادە" و دایکی شەهید "کەریم یاسین‌زادە"، بەهۆی نەخۆشییەوە لە ناوچەی ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی ئەو هەواڵەی کە بە "کوردستان میدیا" گەییشتووە، ڕۆژی هەینی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دایە "سوورگوڵ شەکووری"، هاوسەری شەهید "عەبدوڵڵا یاسین‌زادە" و دایکی شەهید "کەریم یاسین‌زادە"، دانیشتووی دزەی سیاوەش سەر بە شاری ورمێ، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە سوورگوڵ لە تەمەنی گەنجیەتیدا بوو کە هاوسەرەکەی (شەهید عەبدوڵڵا) ناسراو بە "دەرباس" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەناو ڕیزەکانی ئەم حیزبەدا شەهید بوو. دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی، دایە سوورگوڵ بە بیر و باوەڕێکی قاییمترەوە لەسەر ڕێبازی هاوسەرەکەی مایەوە و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی وە ئەستۆ گرت.

پاش تێپەربوونی چەند ساڵێک، کوڕێکی دایە سوورگوڵ بە ناوی "کەریم یاسین‌زادە" ڕێگای بابی گرتە بەر و بووە پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە ئەویش لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی شەهید کرا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی گەل و نیشتمان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆچی دوایی دایە "سوورگوڵ شەکووری" سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی ورمێ دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.