کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری

16:55 - 24 بەفرانبار 2722

لەسێدارەدانی "عەلیڕەزا ئەکبەری" شارومەندی ئێرانی- بریتانیایی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کاردانەوەی چەند وڵاتی ئورووپایی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی لێ کەوەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانبار، لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری، شارومەندی ئێرانی - بریتانیایی، ''ڕیشی سوناک'' سەرۆکوەزیرانی بریتانیا وتی: ''ئەمە هەوڵێکی بێ بەزەییانە و ترسەنۆکانە بوو کە لەلایەن ڕێژیمێکی دڕندە و بێ لەبەرچاوگرتنی ڕێز بۆ مافی مرۆڤ بۆ خەڵکی خۆی ئەنجام درا''.

''جیمز کلورلی'' وەزیری دەرەوەی بریتانیاش لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەو هەوڵە درندانە دەبێ بە توندترین شێوە مەحکووم بکرێت و ئەو هەوڵە بێ وڵام نامێنێتەوە''.

''ئانالێنا بێربوک''، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان وتوویەتی: ''ئێعدامی عەلیڕەزا ئەکبەری یەکێکی دیکە لە هەوڵە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی ئێرانە. ئێمە لای دۆستانی بریتانیایی خۆمانین و بە هاوئاهەنگییەوە هەوڵەکان دژی ڕێژیم و پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران درێژە پێ دەدەین''.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرانسەش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەریی بە توندی مەحکووم کرد و باسی لە بانگکردنی کارداری تاران لە پاریس کرد.

لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری، کەڵکوەرگرتن لە سزای ئێعدامی لە هەر دۆخێکدا بە ''بێزارکەر'' ناو لێ برد؛ هەروەها وتوویەتی، ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە هێرشی قێزەونی ئەوانی لە بابەت مافی ژیان خستەوە بەرچاو.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانبار، عەلیڕەزا ئەکبەری شارومەندی ئێرانی - بریتانیایی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی ''موفسیدی سەر زەوی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەت لە نێوخۆ و لە دەرەوە لە ڕێگای سیخووڕیکردن بۆ دەوڵەتی بریتانیا''، لەسێدارە درا.