کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زستانی سەخت و نالەبار لە ئێران، بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە

10:23 - 25 بەفرانبار 2722

بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە زستانێکی سەخت و نالەبار بۆ خەڵکی ئێران بەڕێوەیە و زۆربەی ئیدارە و قوتابخانەکانی پارێزگاکانی ئێران بەهۆی نەبوونی گازەوە داخراون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لەگەڵ پەرەسەندی قەیرانی گاز لە ئێران و ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، دۆخی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە و لە چاوەڕوانیی زستانێکی سارددان.

بەهۆی نەبوونی گاز و سەرمای زۆرەوە زۆربەی ئیدارە، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی پارێزگا جیاجیاکانی ئێران داخراون و دۆخی خەڵکی هەژار لەوپەڕی خراپیدایە و لە هەندێک شار خەڵک بۆ کڕینی نەوت لە ڕێزی دوورودرێژدا ڕادەوەستن.

هەر لەو بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەشی تایبەتی ئیدارە و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە تاران بەهۆی سەرماوە داخراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەکانی ڕابردوودا بە شێوەی گاڵتەجاری پێشبینیی سەرمای سەختی ئورووپایان دەکرد، بەڵام بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم دۆخێکی سەختی سەرما و سەخڵەتی بەسەر خەڵکی ئێراندا زاڵ بووە و لە هەمان کاتیشدا دەوترێت ڕێژیم ئەو گازە بە تورکیە دەفرۆشێت و نەوت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات.