کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران: کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە

10:55 - 25 بەفرانبار 2722

ئەندامێکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەتایبەت لە دوای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران، لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە.

''محەممەد سەدر'' ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئێعتماد'' وتوویەتی کە کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەدا لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە و ئەگەر هێندیک لە سیاسەتە هەڵەکان لە نێوخۆ درێژەی هەبێت، ئەگەری گەمارۆی دیپلۆماتیک و دەرکردنی باڵوێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ‌هێندێک لە وڵاتان و هەروەها کشانەوەی باڵوێزەکانی ئەو وڵاتانە لە تاران لە ئارادایە.

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵکێدایە کە زۆرێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران داوایان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کردووە کە باڵوێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتەکەیان دەر بکەن.

هەروەها محەممەد سەدر، باسی لە وتووێژەکانی بەرجام کردووە و هیوای دەربڕیوە کە درێژەیان هەبێت، بەڵام ئەو وتووێژانە تووشی بنبەست بوونە و وڵاتانی ڕۆژاوایی تیشکیان خستووەتە سەر خۆپیشاندانی گەلانی ئێران.