کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەر بەندکراوانی ڕاپەڕینی سەرانسەریدا

10:05 - 26 بەفرانبار 2722

دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وێڕای سزای لەسێدارەدان، سزای قورسی بەسەر دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی سەرانسەریدا سەپاندووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، مەدەنی و چالاکانی ئێرانی، لەگەڵ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژمارەیەک خۆپیشاندەری دەسبەسەرکراودا لەلایەنی دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، دەسبەسەرکراوانی دیکەش سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە، لەوانە "قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەرەوەی ئێران و چەندین ساڵ بەندکردن".

هەروەها خوێندکاران و چالاکانی مەدەنی سزای چەند ساڵ بەندکران و گواستنەوەیان بۆ شارەکانی دیکەی ئێرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 لە ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئێران هاتووە کە لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە ١٩هەزار کەس دەسبەسەر کراون و ژمارەیەکی زۆر لە دەسبەسەرکراوان چالاکانی مەدەنی و سیاسی بوون کە زۆربەیان لە ماڵەکانی خۆیان دەسبەسەر کراون نەک لەنێو خۆپیشاندەران.