کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەتی ئێعدام بە چی دەپسێت: تەنیا بە بەردەوامیی ڕاپەڕین

11:46 - 26 بەفرانبار 2722

ئەژین حوسێنی

ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە هەتا ئێستا هەر نەبێ ٥٠٠ کەسی لە شەقامەکاندا کوشتووە کە دەیان کەس لەوان منداڵن، هەزاران کەسیان دەسبەسەر و زیندانی کردوە و سەرکوتی ڕاپەڕین لە توندترین ئاستی خۆیدا بەردەوام بووە. بەڵام خەڵکی ئازادیخواز بەبێ سڵکردنەوە و بە ورە و ئیمانێکی بەرزەوە لە شۆڕش بەردەوامن، تا ئەو جێیەی شک و گومان بۆ هیچ بەرپرسێکی ڕێژیمی ئیسلامی نەماوەتەوە کە خۆیان و ڕێژیمەکەیان لە هێڵی کوتایی و لێواری ڕووخانن. بۆیە لە دوا پەلەقاژەکانی خۆیاندا بەپیشەی هەمیشەییان پەنایان بۆ پەت و سێدارە بردۆتەوە تا بەشکم لەو ڕێگەیەوە چەند ڕۆژێکی تر تەمەنی ڕێژیمەکەیان درێژتر بکەنەوە و ژیلەمۆی ئاگری شۆڕشی خەڵک دابمرکێنن.

لەو هەلومەرجە هەستیارەدا کۆماری ئیسلامی کە ئاوابوونی خۆری دەسەڵاتەکەی لە بەردەوامیی شۆڕشی خەڵکدا دەبینێ، بە ئێعدامکردنی خۆپێشاندەران، لەلایەک پرسی سەرکوت و تۆقاندنەکان پەرە پێ دەدا بۆوەی شەقامەکان بێدەنگ بکات، لەلایەکی دیکەوە بە بەلاڕێدابردنی ڕێڕەوەی بیروڕای گشتی هەوڵ بۆ گۆڕینی ئاراستەکانی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵک بدات و دواجار کپی بکات.

حوکمی ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا سیاسییە نەک قەزایی

ئێعدام هەر لەجێدا هۆکاری نانەوەی کەشی ترس و تۆقاندنە و ڕێبەرانی ڕێژیم باوەڕیان وایە خەڵک بە دیتنی دیمەنی لەسێدارەدان و بیستنی هەواڵی کوشت‌وبڕەکان دەترسین و خۆف دایاندەگرێ. بۆیە بە گرتنەبەری ئەو تاکتیکە سواوە ئەویش لەو بارودۆخە هەستیار و قەیراناوییەدا بەتەمان خەڵکی خەباتگێڕ چاوترسێن بکەن و شۆڕشی ژینا بەلاڕێدا ببەن و ئاراستەکانی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ" بۆ "نا بۆ ئێعدام" و پاڕانەوە لە "دیکتاتۆڕ" بۆ نواندنی نەرم‌ونیانی بگۆڕن! مەبەستی سەرەکیی ئێعدامەکان لە ئێستادا هەر بۆ ئەوەیە.

تێڕامانێکی کورت لە ئەزموونی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ ئێعدامەکان پاڵپشت بە هیچ بنەمایەکی یاسایی نین و ئەو خەباتکارانە تەنیا بۆ کپکردنی دەنگی شەقام و تۆقاندنی خەڵکە کە لەدار دەدرێن. ئەو کەسانە لە هیچ دادگایەک و تەنانەت بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئیسلامی لە بێ‌دادگاکانی خودی ڕێژیمیشدا نابێ و ناکرێ وەها سزایەکیان بەسەردا بسەپێندرێ. لەبەر ئەوەی هەر لەجێدا هیچ هاوسەنگییەک نییە لە نێوان تۆمەت و سزادا و ڕەوتی قەزایی دۆسییەکان نایاسایی، نامرۆڤانە و نادادپەروەرانە بووە. واتە هەر لە بنەڕەت‌ڕا لە سیستمە دیکتاتۆڕییەکاندا دادگا، یاسا، سزا و دادپەروەری لە واتای سەرەکیی خۆیان دادەماڵدڕێن. لەو نیزامە سیاسییانەدا یاسا تەنیا ئامرازێکە بۆ ڕەواییدانی نایاسایی، چونکی ئەو سیستمە ماشێنێکی چالاکی سەرکوتە و لە نێوخۆیدا هیچ کۆسپ و لەمپەرێک بۆ ڕێگری لە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزا نایاساییەکاندا بەدی ناکرێت. دادگا سەربڕخانەیەکی سیاسییە و بڕیارەکان یاسایی و قەزایی نین، بەڵکوو سزایەکی سیاسی و ئەمنییەتین کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە ناوی یاسا بەسەر دژبەرانی سیاسیدا دەسەپێندرێن.

ئەو شۆڕشە بە دروشمی هەڵقوڵاو لە ویست و داخوازیی سەرەکیی خەڵک بە مەبەستی ڕووخاندن و سەرەونخوون‌کردنی دەسەڵاتی ڕێژیم دەستی پێ کرد. ئامانجی سەرەکیی خەڵک لەو ڕاپەڕینەش کۆتایی‌هێنان بە دیکتاتۆریی خامنەییە، هەربۆیەش شێوازی ناڕەزایەتییەکان، دروشم و گوتاری ڕاپەڕینی خەڵک بە ئاراستەی ڕووخانی ڕێژیمدا ڕێگەی خۆی پێواوە و قۆناغەکانی هەتا ئێستای بڕیوە.

چ تاکتیک و شێوازێک بۆ دژایەتیکردنی ئێعدام بگرینە بەر؟

تاکەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی سزای ئێعدام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا یەکگری و بەکارهێنانی هێزی گشتی لە سەرشەقام، کۆڕایی و هاودەنگیی هەراوی جەماوەری بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێژیمە. ئەو ڕێژیمە تەنیا و تەنیا لە زمانی زەبروزەنگ شارەزایە و سەرکوت و کوشت‌وبڕ و تۆقاندن دەناسێت. هەربۆیە بەپێی بنەماکانی دروونناسییش بێت، دەبێ بە زمانی خۆی بیدوێنی و وەک خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەی؛ کەواتە تاکەڕێگای پاشگەزکردنەوەی ڕێژیم لە ئێعدام، دەنگهەڵبڕین، گوشار و نواندنی هێزی جەماوەری ڕاپەڕیوە، نەک بێدەنگی و پاڕانەوە! 

ڕێژیم بە ئێعدامی خەباتکارانی سیاسی و دژبەرانی خۆی دەیەوێ بە خەڵکی بسەلمێنێت کە هێز و دەسەڵاتی پاشەکشەکردن بەوانی هەیە. لەم ڕووەوە ئەو بڕیارانەی دادگا لەدژی دژبەران کە ڕەوتی قەزایی و بەدواداچوونیان بە هەموو پێوەرێک گومان و پرسیاری لەسەرە، فڕی بەسەر ڕەوتی یاسایی قەزاییەوە نییە و لە ڕێگەی یاساییشەوە ناکرێ بەرگریی لێ بکرێت. کەوابوو تەنیا ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای ئێعدام و کوشتار، گەشاوەڕاگرتنی بڵێسەکانی شۆڕشی سەرشەقامە.

هەمووان دەزانن کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سیستمی قەزایی سەربەخۆ نەبووە و نییە کە خەڵک بتوانن لەو ڕێگەیەوە پێوشوێنی مافەکانیان کەون. خۆ بێتوو لەو وڵاتەدا سیستمێکی قەزایی سەربەخۆ هەبا، یەکەم کەس کە دەبوا دادگایی کرابا و سزا درابا خامنەیی، ڕێبەری ئەو ڕێژیمە دەبوو کە ماکە و سەرچاوەی هەموو سەرکوت و قەیرانەکان لەو وڵاتەیە. لە ئێستاشدا سەپاندنی سزای بەسەر دەسبەسەرکراوان و جێبەجێکردنی ئەو حوکمانە ئیرادە و بڕیاری خامنەیی لە پشتە، چونکی لە ڕوانگەی خامنەیی و ڕێژیمەکەیەوە ئێعدام نەک وەک هۆکارێک بۆ پێشگرتن بە تاوان و دادپەروەری، بەڵکوو تەنیا بۆ دابینبوونی ئەمنییەتی ڕایەڵەکانی دەسەڵات بەکار دەبرێت.

ڕابردووی کردەوەکانی ڕێژیم پێمان دەڵێ وەڵامی داوا و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک تەنیا سەرکوت بووە، کوشتن و ئێعدام لەسەر شەقام، لە زیندان، لە قوتابخانە و... . فەڕق و جیاوازییش نەبوو کە سزادراو کێیە، پیر و لاو، ژن و پیاو و تەنانەت منداڵ. شریتی دەسەڵاتی ڕێژیم بە سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ناڕازی لەسەر شەقام و ئێعدامەکان لە سەربانی قوتابخانەی "ڕیفاه" دەستی پێ کرد. قەڵاچۆ، کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی جۆرەها ئامرازی سەرکوت و ئەشکەنجە، تەقەی وێڵەکی و کوێر لە ماڵان، دەستدرێژیی جنسی و سیلەگرتن لە ئەندامانی جینسی و زاوزێی ژنان تەنیا بەشێک لەو جینایەتانەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی دژبەرانی گرتوویەتە بەر. ئێستاش پێی وایە کە سزای ئێعدام دەتوانێ زۆرترین کاریگەریی لە پاشەکشە پێکردن بە خەڵک و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی و ڕزگاربوون لە ڕووخانی دەبێت، بەڵام خەڵک وەک چۆن لە چوار دەیەی ڕابردوودا چۆکیان دانەداوە؛ ناویستن و کۆڵ نادەن و چاوترسێن نەبوون و ناشبن.

پوختەی مەبەست:

ئێعدامی خەباتکاران دواپەلەقاژەکانی بەر لە ڕووخان و تێکڕکانی ڕێژیمە و بێتوو شۆڕشی خەڵک لەسەر شەقامەکان بەردەوام بێت، ئەو ڕێژیمە پتر دەکەوێتە تەنگانەوە و زووتر بەرەو هەڵدێری نەمان دەڕوات. ئەو بزووتنەوەیە لەو ماوەیەدا توانیویەتی سەرەڕای هەموو شێوازەکانی سەرکوت و کوشتار ڕێگەی خۆی بەرەو سەرکەوتن بپێوێت. بێگومان سەرکەوتی یەکجارەییش پێویستت بە کات هەیە و خەبات لە بەردەوامی و نەپسانەوەی خۆی‌دایە کە بەئاکام دەگات.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.