کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە ناوچەی شنۆ چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

11:57 - 26 بەفرانبار 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە شنۆ و ناوچەکانی دەوروبەری چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

شەوی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەنێو شاری شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شوێنە گشتییەکان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: گوندەکانی بێمزورتێ، کانی سۆرک، خوریشت، هێیە، پێگەڵە، میراوێ، سێڕای نەڵۆس بۆ پیرانشار، سەر پردی نەڵۆس، چەپەراوێ، بابخاڵاوێ، کانییەڕەش و گەڕەکی تاچیناوێی شاری شنۆ.

لەو چالاکییەدا زیاتر لە هەزار تراکت و وێنەی تایبەت بە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بڵاو کراوەتەوە و سێ ئاڵای پیرۆزی کوردستانیش لەسەر مزگەوتی گوندی کانی سۆرک و سەرەتای چوونە نێو گوندی هێیە و لەسەر پردی نەڵۆس بۆ پیرانشار هەڵ کراون و بەو شێوەیە خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی شنۆ یادی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.