کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی پارلمانی ئورووپا لە خۆپیشاندانی کوردستانییان و ئێرانییانی دەرەوەی وڵات

10:07 - 27 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کوردسانییان و ئێرانییانی دەرەوەی وڵات لە شاری ستاسبۆرگی فەرانسە، لە بەردەم پارلمانی ئورووپا خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەڕێوە برد و داوایان کرد کە یەکیەتیی ئورووپا ناوی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ڕابگەیەنێت.

لەو پێوەندییەدا سەرۆکی پارلمانی ئورووپا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران ڕاگەیاند و وتی: ئێوە لەلای ڕاست و دروستی مێژوو ڕاوەستاون و بێگومان مێژوویەکی جوان و دروست تۆمار دەکەن و ئێمەش هەمیشە پشتیوانی لە خواستەکانی ئێوە دەکەین.

"ڕۆبێرتا مەتسۆلا" سەرۆکی پارلمانی ئورووپا کە لەو خۆپیشاندانە بەرینەدا بەشداریی کرد و ڕوو بە خەڵکی نەتەوەکانی ئێران وتی: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات ڕەوتێکی جوانی مێژووییە و بێگومان ئێوە سەردەکەون. ئورووپا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلانی ئێران کردووە و بەردەوامیش پشتیوانییان لێ دەکات.  

ناوبراو زیادی کرد: وڵاتانی ئورووپایی بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئەوەی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت.