کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرەنەتەوەبوونی ئێران و فۆبیای هەڵوەشان و لێک‌ترازان

13:41 - 27 بەفرانبار 2722

محەممەد سلێمانی

حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران وەك ھێزێكی دیار و کاریگەری ڕۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران، زۆر جەوھەرییانە ھەنگاوی سیاسیی خۆی لەسەر ئاستی وڵاتدا دەھاوێژێ و مەرجی ھاوپەیمانی و هاوبەشیی سیاسی گرێ داوە بە داننان بە پرسی فرەنەتەوەیی و دەستەبەربوونی مافی سیاسی و نەتەوەیی گەلی كورد لە چوارچێوەی ئێرانێكی نوێ و فیدڕاڵدا.

ئەو ھێزانەی باوەڕیان بە گۆڕانكاری و داھاتوویەكی ھاوبەشی سیاسی ھەیە، بەدڵنیاییەوە دیالۆگ و قسەكردن لەسەر ئێرانی دوای ڕووخانی ڕێژیمی تاران لەگەڵیان گەلێك سانایە و خاڵە جەوھەری و ھاوبەشەكان پێكیان دەگەیەنێت و دەتوانن لە هاوپەیمانیی سیاسیدا یەك بگرن. حدكاش وەك ھێزێكی شۆڕشگێر و نەتەوەیی باوەڕێكی قووڵی بە فرەڕەھەندی و فرەنەتەوەبوونی ئێران ھەیە و ناكرێ لەگەڵ لایەنێك ڕێك بكەوێ كە حاشا لە مافی سیاسیی گەلانی ئێران بکات و لە شێوەی ڕوانین و بیركردنەوەیدا جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ حكوومەتی ئێستادا نەبێت.

پاش سەرھەڵدانی شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی" ژن ، ژیان ، ئازادی"دا شاھیدی دەورەدیمەنێكی نوێی سیاسی و نەتەوەیین لە بەشەكانی دیكەی ئێراندا و گەلانی پێكھێنەری ئەو وڵاتە بە دروشم‌گەلێكی چارەنووسساز پێیان ناوەتە مەیدانی خەباتی نوێ كە ئامانجی بنەڕەتیی ئەو ڕاپەرینە بەرینە، ڕووخاندنی ڕێژیمی ئاخوندی و دامەزراندنی حكوومەتێكی فیدڕاڵ و دێموکراتیك بە دەستەبەربوونی مافی نەتەوەكانی وڵاتە. نیشانەکانی ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندییش تا دێ باشتر دەردەکەوێ و، زەمینەی شیاوتری داڕمانی بەسەریەکدا، لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا ڕەخساوە و دەرفەتێكی چارەنووسساز لە بەرژەوەندی گەلانی ئێراندا هەڵکەوتووە و ئەگەر بێت و هێزە ئێرانییەکان ئاسۆی ڕوانینیان بۆ چۆنیەتیی ئێرانی داهاتوو بگۆڕن و وزەی خەباتگێڕییان یەک بخەن، خێراتر دەتوانن حكوومەتی جێگرەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی پێك‌بێنن.

پێكهێنانی ھەر ناوەندێكی سیاسی بەبێ ڕەچاوكردنی سروشتی سیاسیی ئێران نەك سوودی نابێت، بەڵكوو خاوییەكی زۆرتر ئەخاتە نێو پەیوەندییە سیاسییەكانی ھێزەكانی سەرانسەرییەوە. گەلانی وڵات ئازادی و ژیانێكی شایان و ئابوورییەکی ئەوتۆیان دەوێت کە بتوانێ ئاسایشی کۆمەڵایەتیی خەڵك بەگشتی بەبێ جیاوازیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی دابین بکات و دەرفەتی ژیانێکی شیاو بۆ هەمووان ئازادییە دێموکراتیكەکان لە سایەی دەسەڵاتێكی بنكەفراواندا زیاتر گەشە بستێنن. نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران دەیانەوێ دەرفەتی بەشداری لە حوکمڕانیی وڵاتیان بەبێ جیاوازی و ھەڵاواردن بۆ دەستەبەر بكرێ و مافی نەتەوایەتی لەسەر ئەساسی فرەچەشنی و فرەنەتەوەیی لە دەستووری وڵات بۆ هەموو نەتەوەکان جێگیر و پەسند بکرێ و بەیاساش پێش بەسەرەرۆیی و پێشێکردنی مافی گەلانی وڵات بگیردرێ و، یاسایەکی بنەڕەتی کاری پێ بکرێت کە بەرەنجامی سازانی گشتی بێ و ڕەنگدانەوەی ویستی نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی وڵات بێت. لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە بنەماکانی دیاریکردنی مافی نەتەوایەتی گەلانی وڵات لەسەر بنەمای فیدڕاڵێ و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە بێ و هەرکاتێك یەکێك لە نەتەوەکان بڕیاری جیابوونەوەی دا، ڕێز لە بڕیارەکەی بگیردرێ؛ سروشتی پێكهاتەی سیاسی و نەتەوایەتیی ئێران تایبەتمەندیی سیاسی و مێژوویی خۆی هەیە.

جوغرافیای سیاسیی ئێستای ئێران بەتەنیا خاکی فارس یان نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوەکان خاوەن خاك و سنووری نەتەوەیی خۆیانن و دەکرێ ئەو باسە لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا بەتەواوی یەكلایی بكرێتەوە و كارێك نەكرێت بە ڕێككەوتن زیان بە داھاتووی سیاسیی گەلی كورد بگات.

بڕیاری سەربەخۆی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت بۆ هەموو نەتەوەکانی پێكهێنەری ئێران وەك مافێکی سیاسی و نەتەوەیی، بێ ئەوەی گیروگرفتی بۆ سازبکرێ، لە دەستووری وڵاتدا جێگر و پەسند بكرێ.  بەداخەوە زۆر ھێزی ئێرانی و بەناوی سیاسییەکانیش ھەن ھەر لە ئێستاوە زراویان لە وشەی فرە نەتەوەبوونی ئێران چووە و هەوڵی ئەوە دەدەن و مێژووی سیاسی وڵات بە ڕەنگێکی تر و مەترسیدارتر بگەڕێتەوە.

گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئاخوندی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا بە دوای ڕاپەڕین و شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی تادێ زیاتر پەرەدەستێن و كۆمەڵێك وڵاتی ڕۆژئاوایی و لە نێویاندا بریتانیا و ئاڵمان و فەڕانسە و ھێندێك وڵاتی دیكەی ڕۆژئاوایش، لەگەڵ ئەوەدان ھەڵوێستی ڕەقتر لە ھەمبەر ڕێژیمی ئاخوندیدا بگرنەبەر و باڵی سەربازیی سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی تیرۆرەوە.

لە سێدارەدانی بەپۆلی ئازادیخوازانی بەشدار لە ڕاپەڕینەکاندا، تووڕەیی زۆری لە سەر ئاستی نێەدەوڵەتیدا لێ كەوتۆتەوە و ئەو ھەوڵە ھەیە كە زۆر وڵات سەفارەتی ئێران لە وڵاتەكانیان دابخن و فشاری دیپڵۆماسی زیاتر بخەنەسەر ئێران.

درێژە كێشانی ڕاپەڕینی سەرانسەری و پەڕینەوەی بۆشارەگەورەكانی ئێران، بێگوومان حکوومەتی ناوەندی بەرەو داڕمانی حەتمی دەبا و تاران هێزی کۆنتڕوڵکردنی نامێنێ و ھەر ئێستاش لە زۆر شار و ناچەدا دەسەڵاتیان بەتەواوی لاواز بووە. چوونکی لە کاتی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازی وڵاتدا، هێزە چەکدارەکانیش لە ژێر هەژموونی حکوومەتدا نامێن و ڕیزی خۆیان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری حاکم بەسەر ئێراندا جیا دەکەنەوە و پشتیوانی شەقامی سیاسی وڵات دەكەن.

ڕێژیمی ئاخوندی بە ھەموو ھێز و ئیمكاناتی لەبەڕدەستی‌دایە، هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی متمانەی خەڵك بۆ حکوومەت بەدەست بێنێتەوە ،بەڵام گەلانی ئێران ئەوەندەیان چەرمەسەری و نادادپەروەری سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە سایەی ئەو ڕێژیمەدا بینیووە، هەرگیز بۆ جارێکیتر شوێنی قەول و بەڵینییەکانیان ناکەونەوە و بڕیاری ڕوخانیان داوە و پێكەوە خەباتی بۆ دەكەن.

ئەمریکا و ھاوپەیمانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی، جگە لەوەی خەریكن جەمسەری دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێك دێن، لە ڕابردوو زیاتر بێ باكانە بەرامبەڕ بە دەسەڵاتی تاران لێدوان و ڕاگەیاندن دەردەكەن و بەردەوام لاساری و كردەوە و سەركوتی بێ‌بەزەییانەی ڕاپەڕین و لە سێدارەدانی ڕۆڵەكانی نەتەوەبندەستەكانی ئێران مەحكووم دەكەن و زۆر وڵاتێش لەو باوەڕەیدان دەبێت ھەڵوێستی توند بەرامبەڕ بە ڕێژیم بگرنەبەڕ و چی دیكە لێی قبووڵ نەكرێت بە ئارەزوویان ئەسپی خۆیان تاودەن.

ئیسرائیل وەك دژبەرێكی دیاری تاران لەسەر ئاستی ناوچەیدا، ھەوڵ دەدات بەتەواوی سوود لە دۆخی خراپ و بێ‌متمانەیی كاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر ئاستی باڵادا وەربگرێ و زیاتر لە دژی یەك ھانیان بدا و نفووزی خۆی لەو بارەوە بەكار بێنێ؛ هەروەها وەک بۆخۆیان باس دەکەن خۆی بۆ وەشاندن گورزی خیرای سەربازی بەدژی ئێران ئامادە دەکات. حکوومەتی ئێران بەتەواوی لەگەڵ قەیرانە جۆربەجۆرەکان بەرەوڕووبۆتەوە و شوعاری خەڵك ئەوەیە کە دەسەڵاتداران وازلەکاری سیاسی بێن و وڵات بەجێ بێڵن و دەسەڵاتێکی بەتەواوی فاشل و مایەپووچ بووە. وەک دەبینین ڕۆژ نییە وێنەكانی خامنەیی، قاسم سولەیمانی و خومەینی لەلایەن خەڵكی ڕاپەڕیوەوە ئاگریان تێبەر نەدرێت و پەیكەرەكانیان دانەڕمێنن. بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی کاربەدەستانی وڵات بەتەواوی کەوتۆتە ژێر گوشار و هەست بە دوو بەرەکیی زۆر دەکرێت لەنێو کاربەدەستانی نیزامی حاکم بەسەر چارەنووسی سیاسی گەلانی وڵاتدا.

ئێران هەوڵی زۆر دەدا تۆزێك شانیان لەژێر گوشاری ئاڵۆزییە ناوچەی و نێودەوڵەتییەکاندا ڕاست بکاتەوە، کەچی بەو دواییانە كەیسی پێکانی فرۆکە ئوکڕاینییەکە و گەیاندنی یارمەتیی سەربازی تاران بۆ رووسیە، ئاڵۆزییەكی گەورەی سیاسی و دیپڵۆماسیی لەسەر ئاستی ئورووپا و ئەمریكادا لێ‌كەوتۆتەوە و شڵەژانی نێوخۆی وڵات، پاش سەرھەڵدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی مەترسیی گەورەی لەسەر پێگە و داھاتووی ڕێژیم دروست كردووە.

حکوومەتی ئێران كە دەسەڵاتێکی بەتەواوی داخراو و مرۆڤکوژ و دژی ئازادییەکان دەوەستێ و ئەوەی ئێستا بە سەریان دێ، بەدڵنیایەوە هۆی خراپ جووڵانەوەی خۆیان بووە لە ماوەی تەمەنی حوکمڕانیان بەسەر گەلانی وڵاتدا.

هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە سەبارەت بە داهاتووی وڵات و پاش ڕووخانی ڕێژیمی تاران، بەجۆرێك ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردیان گەڵاڵە و ڕێکخستبێ کە کورد وەك گەلێکی دیاری نێو بزووتنەوەی سیاسی ئێران و کوردستان بەتەواوی بە مافەکانی بگات. چونکی ئەگەر لە ئێستاوە ئەوە نەکرێ، بەدڵنیاییەوە لە کاتی ڕوودانی بارگرژی و تێكچوونی هاوسەنگی سیاسی و سەربازیدا، کورد بە کۆی مافەکانی ناگات.