کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتوانانی فەرانسەیی: ئورووپا سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت

16:28 - 27 بەفرانبار 2722

چەند کەس لە سیاسەتوانان و نوێنەرانی فەرانسەیی بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی کوردستانییان و ئێرانییەکان لە پاریس، پشتیوانیی خۆیان لە داواکاریی خۆپیشاندەران بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ڕاگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانبار بەفرانبار، لە خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە کوردستانییان و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی کە لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە بەڕێوە چوو، چەند کەس لە سیاسەتوانان و نوێنەرانی فەرانسە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون و ڕایاگەیاند کە دەبێ ئورووپا سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێت.

''یانیک ژادۆ'' نوینەری حیزبی سەوزەکان لە پارلمانی ئورووپا لەنێو خۆپیشاندەران وتی: ''ئێمە دەزانین ئەوەی لە ئێران ڕوو دەدات شۆڕشێکە کە ژنان سەرپۆشی خۆیان لا برد و هەتا ئاڵایەک لە ئازادی، بەرابەری و برایەتیی لێ دروست بکەن."

ناوبراو داوای لە سەرکۆماری فەرانسە کردووە کە وێڕای وڵاتانی ئورووپایی کارێک بکەن کە باڵوێزەکانیان لە تاران بگەڕێننەوە.

ئەو سیاسەتمەدارە وتوویەتی: ''بڕیارە لەبارەی کۆمەڵێک لە گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران قسە بکەین، چونکە ئەوان دەزانن ئەشکەنجە، کوشتار و ئێعدام دەکەن، سروشتییە کە ئێمە گەمارۆکان دژی کەسانی خەتابار قورستر بکەین و ئەمڕۆ ناچارین گوشارەکان پلەیەکی دیکە زیاتر بکەین و دەبێ یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسینێت.''