کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

09:38 - 28 بەفرانبار 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی "مەهاباد، پیرانشار و بانە"، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

شەوی سێشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و بانە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان و هەروەها هەڵواسینی پلاکاردی تایبەت بە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان، هاتنی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

ئەو شوێنانەی مەهاباد کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێ چووە بریتین لە: ناوچەی شامات، گوندی تاڵاو، پشتەپ، مەدرەسەی بەری شیلانان و مەدرەسەی حەسەنزادە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە بانە لەسەر کێوی ئاربابا، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسینی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" وهەروەها دروشمی تایبەت بە ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان یادی ئەو ڕۆژی پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

هەروەها تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە زۆربەی گەڕەک و شەقامەکانی پیرانشار چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان، ئەویندارانی ڕێبازی پڕ لە سەروەریی حیزب لە نێوخۆی وڵات دەست لە کار و چالاکییەکانیان هەڵناگرن و بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی چالاکییە تەبلیغییەکان لە بۆنە حیزبی و نەتەوەییەکاندا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سپاس و ماندوونەبوونی لە ئەندامان و لایەنگرانی لەنێوخۆی وڵات، هیوای تەندروستی و بەردەوامبوونیان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.