کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی تەشکیلاتی نهێنی لە شاری بانە

09:41 - 28 بەفرانبار 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بانە بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

مەشخەڵی ئەم خەباتە بۆ ئێمەی گەلی کورد، لە سایەی گیانبازی و بەردەوامبوونی دڵسۆزانی ڕێی خەبات بە گەشاوی ماوەتەوە، کە پڕە لە شوناسی نەتەوەیی و باوەڕ بەخۆبوون دژ بە هەموو داگیرکار و دیکتاتۆرێک.

ژنان و پیاوانی کوردستان نرخیان بۆ داوە، بگرە تووشی هەموو سەختی و ناخۆشییەک بوون لەو ڕێگەیەدا، بەڵام قەت ملکەچ نەبوون.

٢ی ڕێبەدانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شۆڕشێک کە لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و هەموو ئێرانی گرتەوە، بەمەشەوە نەوەستا، دەنگی مافە ڕەواکانی کورد و هەموو گەلە داگیرکراوەکانی بە دنیا گەیاند.

ئەم شۆڕشە ڕۆحێکی یەکبوونی بە خێرایی دروست کرد لەنێو هەموو گەلانی ئێران، داگیرکەریش هەموو هەوڵێکی دا تا بە گرتن و شەهیدکردن و  هەڕەشە و میلیتاریزەکردنی شارەکان ئەم شۆڕشە بە لاڕێدا ببات، هەرچەند هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئێرانەوە ژنان و پیاوانی خەباتگێڕ هەموو پیلانەکانی دوژمنیان پووچەڵ کردووەتەوە و بەردەوام بوون لە خەبات لە هەموو بەشەکاندا.

بە خۆشحاڵییەوە بوونی ژنان بەگڕتر لە جاران لەبەر چاوە و حاشای لێ ناکرێت، ژنان چ لە بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و بەشی دیکەشدا بەشداریی گەرموگوڕیان هەبووە و بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان چەکی شەرەفیان لەشان کردووە بۆ ئازادیی نیشتمان و ژیانێکی ئینسانیی بێ جیاوازیی ڕەگەزی.

وەک تەشکیلاتی ناوشار ٢ی ڕێبەندان کە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەدەستی پێشەوای نەمرە، پیرۆز دەکەین لە هەموو ڕێبوارانی ڕێی خەبات و کوردایەتی، بە تایبەت ئەندامانی ڕێبەری و هەموو کادر و پێشمەرگەکان، بە هیوای سەرساغی و سڵامەتی بۆ هەموو زیندانییانی سیاسی.

جێی خۆیەتی پەیمان نوێ بکەینەوە لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان و بنەماڵەکانیان و تا بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان و تۆڵەی شەهیدان و بەدەستهێنانی ژیانێکی پڕ لە سەربەرزی، دەست لە خەبات هەڵناگرین.

مەرگ و نەمان بۆ خۆفرۆشان و جاشەکان، سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.