کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یزاکا سەبارەت بە گوشاری زیاتری ڕێژیم بۆ سەر مامۆستایانی ئایینی

10:03 - 28 بەفرانبار 2722

یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران (یزاکا) سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و زەخت و گوشاری زیاتری ڕێژیمی ئێران بۆ سەر مامۆستایانی ئایینی، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

 دەسبەسەرکردن و بێڕێزیکردن و ڕێگریکردن لە ئەرکی ئایینیی مامۆستایانی نیشتمانپەروەر لەلایەن کۆماری دژە ئایین و دژە مرۆڤی بەناو ئیسلامیی ئێران بەردەوامە.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ڕەوتە نامرۆڤانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێگەی زانایانی ئایینیی سووننە مەزهەب و کورد لە ئێران داوا لە توێژی ئایینیی ئێرانی و کوردستانی و هەموو دڵسۆزانی نیشتمان دەکات پاڵپشتی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو بکەن و ڕێگری بکەن لە سیاسەتی نگریسی ڕێژیم بە دژی مامۆستایانی نیشتمان و دەنگی ناڕزایەتیی خۆتان بەرز بکەنەوە و ئیجازە مەدەن زیاتر لەوە کۆماری دژە مرۆیی ئێران، کوردستان بکات بە مەیدانی ڕمبازێنی خۆی و لاوان و زانایان بخاتە ناو چاڵەڕەشەکانی خۆی.

هەروەک ئاگادارن چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مامۆستایەکی تری ئەم نیشتمانەی بە ناوی مامۆستا مەلا "حەسەن فەتحی خزرلەکی" پێشنوێژ و خووتبەخوێنی مزگەوتی قازڵیانی بۆکان بە تۆمەتی هەڵبەستراو دەسبەسەر کرد و ڕەوانەی گرتووخانەی کاتیی ئیتلاعاتی ئەو شارەی کرد، هەروەها بۆ جاری دووەم مامۆستا مەلا "یونس نەوخا" خەڵکی پیرانشار کە ماوەیەک لەمەوبەر بۆ ماوەی سێ حەوتوو دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای بەناو ڕووحانییەت بە سزای ئەستاندنەوەی جلوبەرگی ئایینی و ڕێگریکردن لە پیشەی مامۆستایەتی سزا درا و جارێکی تر سەلماندی ئەم ڕێژیمە نەک هەر دژی کورد و مرۆڤایەتییە، دژی ئیسلامی ڕاستی و باوەڕدارانی ئەم ڕێبازەشە.

دەبێ خەڵک بە یەکگرتوویی و دڵسۆزییەوە پاڵپشتی زانایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر بن و پێکەوە ڕێگر بن لە ئەنجامدانی جینایەت لە کوردستان و سیاسەتە نگریسەکانی تێرۆریستانی جینایەتکاری ئاخوندی پووچەڵ بکەنەوە.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٢٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی