کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بڕیاری فەرمانداریی ڕێژیم لە بۆکان، قوتابخانەکانی ئەو شارە داخران

10:19 - 28 بەفرانبار 2722

فەرمانداریی ڕێژیم لە بۆکان ماوەی یەک حەوتووە بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانی ئەو شارەی داوە و سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان داخراون.

ماوەی یەک حەوتووە فەرمانداریی ڕێژیم لە بۆکان سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکانی لەو شارە بە بیانووی سەرماوە داخستووە و لەمبارەوە خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و وتوویانە، ساڵانی پیشووتر کەش‌و‌هەوا لە ئیستا ساردتر بوو کەچی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن قەت دانەدەخران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "کورستان میدیا"ی ڕاگەیاند، هۆکاری داخستنی قوتابخانە و ئیدارەکان، نەبوونی گازە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەیانهەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە و بە بیانووی زستان و سەرماوە ڕەوتی ژیانی خەڵکیان ئەستەم کردووە.

ئەو سەرچاوەیە زیادیشی کرد، قەیرانی گاز خەریکە سەرانسەری ئێران دەگرێت و کۆماری ئیسلامیش هیچ پلانێکی بۆ ئەوە نییە، تەنیا شوێنە گشتییەکان دادەخات و لەو حاڵەتەشدا تەنیا خەڵکی فەقیر و هەژار زیانبار دەبن.