کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی ئورووپا داوای لە وڵاتانی ئەندام و یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسداران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە

19:13 - 28 بەفرانبار 2722

پارلمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی پەسەند کردووە کە لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە وڵاتانی ئەندام و یەکیەتیی ئورووپا دەکات کە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بخەنە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، پارلمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی پەسەند کردووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.

لەم پێوەندییەدا "چارلی ڤایمێرز" نوێنەری وڵاتی سوید لە پارلمانی ئورووپا لە تویتێکدا نووسی: "پاش ئەوەیکە سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە هەنگاوی دواترمان داواکارییە بۆ کۆتاییهێنان بە وتووێژەکانی بەرجام.

کۆمیسیۆنی ئورووپا بڕیاری بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران یەکلایی دەکاتەوە و چاوەڕوانییەکان ئەوەیە کە وڵاتی بریتانیاش لە حەوتووی داهاتوودا سپای پاسداران بخاتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە "ئۆرزۆلا فوندێرلاین" بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئورووپا، پشتیوانیی خۆی لە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم دەربڕیبوو.