کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە

09:29 - 29 بەفرانبار 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و مەریوان، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

شەوی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان و هەروەها هەڵواسینی پلاکاردی تایبەت بە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان، هاتنی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

ئەو شوێنانەی لە شاری پیرانشار کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا بەڕێوە چووە بریتن لە: "گردکسپیان، پەسوێ، سەرین‌چاوێ، سەروکانێ، ئەندیزێ، شیناوێ و باڵاشار، گوندی قەبری حوسێن، مزگەوت، خانه بێهداشت، مەدرەسەی وروودیی خراپه."

هەروەها ئەویندارانی ڕێبازی قازی و حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد، گوێکتەپەی شاروێران، گوندی دێمەوەران، ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە شاری مەریوان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بڵاوکردنەوەی دروشم و تراکت و هەروەها بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سپاس و ماندوونەبوونی لە ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای تەندروستی و بەردەوامبوونیان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.