یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک ڕێکخراوەی فەرهەنگی و مەدەنی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، پەیامێکیان ڕوو لە خەڵکی مافویستی کوردستان و مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
خەڵکی مافویستی کوردستان!
مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی!
٢ی ڕێبەندان هێما و سونبولی نەتەوەیی و ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کورد بە گشتی و مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی پیرۆز بێت.
لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی بەردی بناغەی دەسەڵاتداریی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیر و هزری پێشەوا قازی محەممەد و کۆمەڵێک نیشتمانپەروەر و بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە بەشداریی هەزاران کەس لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە سێبەری ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگە، یەکەم کۆماری مۆدێڕن و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری مەهاباد ڕاگەیەندرا.
کۆماری کوردستان لە ماوەی ١١ مانگ دەسەڵاتداریی خۆیدا توانی دەیان شانازی و دەسکەوتی وەک، پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی، ڕۆژنامەگەریی کوردی، سینما و شانۆ، خوێندنی کچان و ژنانی گەورەساڵ لەگەڵ پیاوان، ڕادیۆی کوردی، ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵک و سپای میللی و هێزی پێشمەرگە لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیی نەتەوەی کورددا تۆمار بکات و ببێتە جێگای شانازی بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە نموونە بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە. هەروەها ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەدەر و میراتگری ڕێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و ٢ی ڕێبەندانە.
لەو ڕۆژە نەتەوەیی و پیرۆزەدا لەگەڵ ئامانج و دەسکەوتە پیرۆزەکانی کۆماری کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆمار دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرین.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵێک ڕێکخراوی فەرهەنگی و مەدەنی
٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی