کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی ئەرێنیی نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران

16:51 - 29 بەفرانبار 2722

نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا بڕیارنامەی ٣٢ی بەندی مەحکوومکردنی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئێران و بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسدارانیان پەسەند کرد.

ڕۆژی پێجشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا، بڕیارنامەی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای ڕێژیمی ئێرانیان پەسەند کرد و لەو بڕیارنامەیەدا داوا کراوە کە ئێعدامەکان لە ئێران ڕابگیرێن.

نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە لیستی گەمارۆکانی خۆی بە شێوەیەک پەرە پێ بدات کە هەموو ئەو ناوەند و کەسانەی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەرپرسیارن لەوانە "عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی" و بنەماڵەکانیان لەخۆ بگرێت.

لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە کە گوێنەدانی ئاشکرای ڕێژیمی ئێران بە کەرامەتی ئینسانی و ئامانجە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندی خۆی و هەروەها پشتیوانی لە ڕووسیە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە یەکیەتیی ئورووپا پێوندیی خۆی لەگەڵ ئێران زیاتر کەم بکاتەوە.

هەروەها نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا داوایان کردووە کە ڕیژیمی ئێران هەموو خۆپیشاندەرانی مەحکووم بە سێدارە بەبێ مەرج ئازاد بکات و ئەو کەسانەی کە دەستیان لە کوشتاری سەدان خۆپیشاندەردا هەبووە، ڕادەستی عەداڵەتیان بکات.

پارلمانی ئورووپا داوایشی لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەکەدا وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی هەڵسوکەوت بکرێت.