کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ھاوکاری: بڕیارنامەی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران هەنگاوێکی دیپلۆماتیکی بەجێیە

18:44 - 29 بەفرانبار 2722

لەکۆبوونەوەی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا پێشوازی لە بڕیارنامەی پارلمانی ئورووپا سەبارەت بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانبار کۆبوونەوەی ئاسایی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کاک "عومەر ئیلخانیزادە"، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، وەک بەرپرسی دەورەیی ناوەند مژار و خاڵەکانی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند و لە وتەی دەستپێکدا لەسەر کار و ھاوئاھەنگیی پتری ناوەند لە بارودۆخی ئێستادا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا جەختی کردەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا کاک "محەمەد نەزیف قادری"، بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ھاوکاری، لەگەڵ بەشداربووانی دیکەی کۆبوونەوەکە راپۆرتی کار و چالاکیی ئەم دەورەیەی ناوەندی ھاوکارییان هەڵسەنگاند کە بەرپرسیارەتییەکەی لە ئەستۆی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو.

لە باسە سیاسییەکاندا بەشداربووان ڕەھەندە جیاجیاکانی شۆڕشی ژینا و ڕەوتی ناڕەزایەتییە بەربەرینەکەی ئێستایان کە سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە هەڵسەنگاند و لەسەر پشتیوانی و داکۆکیی خۆیان لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێداگرییان کردەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا ھەروەھا لەسەر پێویستیی زیاتر بەھێزکردنی ئەو ھاوپشتی و ھاوکارییە جەخت کرایەوە کە ئێستا لەنێوان گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا دروست بووە و لەسەر ھەوڵەکانی ناوەند بۆ پێکهێنانی چەترێکی ھاوکاری بۆ سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، دیالۆگ و گفتوگۆی پتریش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێداگری کرایەوە.

کۆبوونەوەکە بە گرنگییەکی زۆرەوە چالاکی و پێشڕەوبوونی ژنان و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەم شۆڕشەدا ھەڵسەنگاند و لەسەر پشتیوانیی خۆی لە بەردەوامیی چالاکی و ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەدا جەختی کردەوە. 

ناوەند ھەروەھا دەستخۆشیی لە سەرجەم چالاکانی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان و خەڵکی ئازادیخواز لە دەرەوەی وڵات کرد کە بە بەشداریی بەردەوامیان لە ئاکسیۆن و خۆپیشاندانەکاندا پشتیوانی خەڵکی شۆڕشگێڕی نێوخۆی کوردستان و شۆڕشی ژینا بوون.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ناوەند دووپاتی کردەوە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە ئازادیخوازان و سەرکوتی خۆپیشاندەران و ئەشکەنجەدان و کوشتنی بەندکراوانی سیاسی گۆڕانی بەسەردا نایەت و ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەش هەر پشتیوان و داڵدەدەری گرووپە تێرۆریستییەکان دەبێت. 

ھەر لەم پیوەندییەدا ناوەندی ھاوکاری بڕیارنامەی پارلمانی ئورووپا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی بە هەنگاوێکی گرینگی دیپلۆماتیک زانی و ھیوای خواست لە کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئورووپاشدا ئەو بڕیارە پشتڕاست بکرێتەوە و لە درێژەدا گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتریش ببن.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرپرسایەتیی  دەورەیی ناوەندی هاوکاریی وەرگرت و بڕیار درا بەدواداچوون بۆ ئەو پلان و پرۆژانە بکرێت کە لە کۆبوونەوەکانی ناوەنددا بڕیاریان لەسەر دراوە.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۲۹ی بەفرانباری ۱٤۰۱