کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بیستنی دەنگی شۆڕشی ژینایە

23:23 - 29 بەفرانبار 2722

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڕیاری پارلمانی ئورووپا بۆ بە تێرۆریست ‌ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرز نرخاند.

مستەفا مەولوودی، بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان" ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات ئەو بڕیارنامەیە بە کارێکی بەجێ و بە ئێقدامێکی دروستی دەزانێ و خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی بڕیاری کاریگەر و شوێندانەرتریان لە یەکیەتیی ئورووپا و کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی هەیە.

ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات گوتی: ئەو بڕیارە هەرچەند بەدرەنگەوە بوو، بەڵام ئورووپا کارێکی گەورەی دەست پێ کردووە و لە کوتاییدا دەنگی خەڵکی دژبەری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی بیست. بەڕێزیان بە ئاماژە بەوەی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە سەرنجدان بە سیاسەت و نێوەرۆکی ئەم ڕێژیمە، کۆماری ئیسلامیی بە ڕێژیمێکی تێرۆریست و سپۆنسەری تێرۆریزمی دەوڵەتی ناسیوە، گوتی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، عێڕاق و ئورووپا بووە.

مستەفا مەولوودی لەپێوەندی لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەو بڕیارەی پاڕلمانی ئورووپدا گوتی: "مەرج نییە کاریگەری پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە دەمودەست و بەتەواوی دەربکەوێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆر ناخایەنێ شوێنەواری کاریگەری لەسەر کۆی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دیار دەکەوێ و لە زۆر بواردا کاریگەریی گەورە و پۆزێتیڤ لەسەر ئاخیزی خەڵکی ئێران و شۆڕشی ژینا دادەنێت. بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات لە لێدوانەکەیدا پێی لەسەر ئەو بابەتە داگرت کە ئەو بڕیارە تەنیا لە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداراندا کورت ناکرێتەوە، چونکی بە لەبەرچاوگرتنی شوێن و پێگەی سپای پاسداران لە سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی، ئەمنییەتی و ئابووریی ئێراندا، لە ڕاستیدا ئەوە تەواوەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بە تێرۆریست و دەسەڵاتێکی ناتەبا و نەگونجاو لەگەڵ پڕەنسیپە جیهانداگرەکان دەناسرێ.

مستەفا مەولوودی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پەرچەکرداری کۆماری ئیسلامی بەو بڕیارە دەتوانێ چی بێت، گوتی: ڕێژیم ڕەنگە بە کردەوەی تێرۆریستی لە ئورووپا، یان هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئورووپا لە وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یان دروستکردنی سەرئێشە بۆ هاتوچۆی پاپۆڕە بازرگانییەکان، هەروەها بە بارمتەگرتنی بیانییەکان بیەوێ باج لە ئۆرووپاییەکان بستێنێ. بەڵام ئەگەر دەوڵەتانی ئورووپا  لێبراو بن و ساتوسەودای خۆیان لەگەڵ رێژیم ڕابگرن، توانای رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو جۆرە خەراپکارییانە لە ئێستادا زۆر سنووردارە. بەڕێزیان لە کۆتاییدا گوتی ئەم هەنگاوانەی یەکیەتیی ئورووپا تین‌وگوڕ دەبەخشێتە شۆڕشی خەڵکی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی و ئەو چاوەڕوانییەش دروست دەکات کە کۆمەڵگەی جیهانی بەدژی ڕێژیم پێویستە لێبڕاوتر و شێلگیرتر بن.