کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵکی کوردستان بەردەوام خەریکی پیلانگێڕییە

11:17 - 30 بەفرانبار 2722

ڕێژیمی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دژی دەسەڵاتەکەی کۆمەڵێک خۆفرۆش و سیخوڕی لە گوندەکانی شاروێرانی مەهاباد بەسیج کردووە بۆ ئەوەیکە ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی خەڵک ببنەوە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە نێوخۆی وڵاتەوە بە دەستی ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەییشتووە، هێزەکانی ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی خەڵکی ناوچەی مەهاباد، شەوی پینجشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمەڵێک خۆفرۆش و سیخوڕی چەکداری ناردووەتە گوندەکانی شاروێرانی مەهاباد و لەوێ دەسووڕێنەوە.

ئەو خۆفرۆشانە دژی حیزب دروشم دەنووسن و لە نووسینەکانیاندا بێڕێزی بە ڕێبەرانی شەهید دەکەن، بەتایبەت لە گوندەکانی قەرەقشلاغ و خوڕخوڕە و قزلقۆپی دار و دیوارەکانیان نووسیوە.

ڕێژیمی ئێران لە کۆتا پەلەقاژەکانیدا، تەنیا بە مەبەستی مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات پەنا بۆ هەموو کارێکی نەشیاو و دوور لە پرەنسیپ و دوور لە بنەما مرۆڤایەتییەکان دەبات.