کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی خەڵکی بەلووچستان دژی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە

17:46 - 30 بەفرانبار 2722

خەڵکی ئازادیخوازی زاهیدان و ڕاسکی بەلووچستان، لە درێژەی هەینییەکانی ڕابردوو دژی کۆماری ئیسلامی و بە وتنەوەی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، پاش نوێژی هەینی ڕژانە سەر شەقامەکان.

ڕۆژی هەینی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان، پاش نوێژی هەینی بە وتنەوەی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی و مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی ڕژانە سەر شەقامەکان.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای حەوتووی ڕابردووەوە شارەکانی بەلووچستانیان بە تەواوی میلیتاریزە کردبوو، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان دژی دیکتاتۆرییەت نەڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام لە زۆربەی شارەکانی بەلووچستان هاوشێوەی هەینییەکانی ڕابردوو ڕژانە سەر شەقامەکان.

هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەیان لە کەسایەتی و پێشنوێژەکانی بەلووچ کردووە کە دەسبەسەریان بکەن، بەڵام خەڵکی شۆڕشگێڕی بەلووچ لە بەردەم ماڵەکانیاندا کۆ بوونەتەوە و ڕێگە بە هێزە سەرکوتکەرەکان نادەن نزیک ببنەوە.

هەروەها لە شاری گالیکش‌ سەر بە پارێزگای گوڵستان، ڕێژیم هەوڵی دا نوێژی هەینی بەڕێوە نەچێت و خەڵکیش بۆ پشتیوانی لە مەولەوی گرگیج لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆ بوونەوە و ناوبراو لەنێو خەڵکەکەدا وتی: حکوومەتێک کە گوێی لە دەنگی خەڵکەکەی نەبێت شایانی حکوومەتداری نییە.