کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: بەهێزكردنی گیانی یەكگرتوویی و پێكەوەییمان دەستەبەری گەیشتن بە مافەکانمانە

21:58 - 30 بەفرانبار 2722

(ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان)

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییەكان!

ئەمساڵ ٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكەم كۆماری كوردستان تێپەڕ دەبێت. ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لەشاری مەهاباد پێشەوا قازی محەممەد، وەك یەكەم سەرۆك‌كۆماری كوردستان سوێندی یاسایی خوارد و كۆماری كوردستان دامەزرا. وەك ناوەندی هاوكاری پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژووییە لە سەرجەم خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان دەكەین.

كۆماری كوردستان كە بەرهەمی خەباتێكی مێژوویی و پڕ لە قوربانیی گەلی كوردە، لە بارودۆخێكی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەدایك بوو. لەو ساڵانەدا جیهان تووشی شەڕێكی گەورە بوو و بەشێكی زۆر لە نەتەوەكانی جیهان لە هەوڵی ڕزگاریی و سەربەخۆیدا بوون. لە ئێرانیش كە دەوڵەت هیچ دەسەڵاتێكی نەمابوو، گەلی كوردیش وەك باقی گەلانی ستەملێكراوی ئێران ئەو دەرفەتە مێژووییەی قۆستەوە و توانی ئەزموونێكی زێڕین بۆ خۆی تۆمار بكات و كۆماری كوردستان دابمەزرێنێت.

ئەگەرچی تەمەنی كۆماری كوردستان كەم بوو، بەڵام بەهۆی كارنامەی درەوشاوە و ئەو پرۆژە و پلانانەی دایڕشتبوو، هەتا ئەمڕۆكەش كاریگەریی لەسەر بزوتنەوەی حەقخوازانەی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا بەجێ‌هێشتووە. ڕێزگرتن لە جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی ‌و ئاینییەكان، باوەڕ بە ئازادیی ڕادەربڕین، گرنگیدان بە بووژاندنەوەی كولتوور و هونەر و ئەدەبییاتی نەتەوەیی، خوێندنی بێبەرامبەر، هاندانی كچان بۆ خوێندن‌ و بە‌ڕەسمی‌ ناسین‌ و جیبەجێكردنی خوێندن بە زمانی دایك نەك هەر بۆ منداڵانی كورد، بەڵكو بۆ كەمایەتییە زمانییەكانی دیكە، پێشوازی ‌و باوەشكردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەكانی نەتەوەی كورد لە بەشەكانی دیكە ‌و بوار ڕەخساندن بۆ خزمەتكردنیان بەو كۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێك‌تێگەیشتن لەگەڵ حكومەتی میللیی ئازەربایجان ‌و پێشنیاری هاوكاریی و هاوپەیمانەتی بۆ ڕوبەڕوبوونەوە لە گەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بەنرخەكانی كۆماری كوردستانن. ئەم كۆمارە بە هەڵكردن ‌و ڕەسمیەتدان بە ئاڵای كوردستان‌ و داهێنانی سرودی نەتەوەیی‌ و چەمكی پێشمەرگە، كۆمەڵێك بۆشایی لە گیان‌ و هزری نەتەوەیی ‌و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا پڕ كردەوە.

ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی ٢ی ڕێبەندان دەكەینەوە كە كۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێكی هێندە خراپ‌دایە كە لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆیدا تا ئێستا دۆخێكی لەم چەشنەی ئەزموون نەكردوە. زیاتر لە ٤ مانگە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" كە چەخماخەكەی لە كوردستان لێ درا و سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە بەردەوامە و خەڵكی ناڕازی لەسەر شەقامەكان داوای ڕوخانی كۆماری ئیسلامی دەكەن.

كاریگەریی و دەرهاویشتەكانی ئەم شۆڕشە نوێیە بەجۆرێك دیار و بەرجەستە بوون كە زیاتر لە هەر سەردەمێك هاوپەیمانی و هاودڵی باقی نەتەوەكانی ئێرانی لەگەڵ گەلی كورد دروست كردووە، حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لەهەر كاتێك ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ یەكتر دەربڕیوە، هاوپشتییەكی نێونەتەوەیی لە شۆڕشی نوێی ئێران لە ئارادایە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەك سیمبۆل لەلایەن هەر ئازادیخوازێك لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دووپات دەبێتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێت.

لە پاش ٧٧ ساڵ لە دامەزراندنی یەكەم كۆماری كوردی لە كوردستانی ڕۆژهەڵات ئێستا كوردستان جارێكی دیكە و زۆر جەماوەرییتر و بەرینتر لە سەردەمی كۆمار هاتۆتە مەیدان و بۆ مافە ڕەواكانی خۆی دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی خەبات دەكات.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە كە بە بەهێزكردنی گیانی یەكگرتوویی و پێكەوەییمان كە لەم شۆڕشە نوێیەدا لەنێو هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستاندا دروست بووە، لەگەڵ بەهێزكردن و خێراتر كردنی پرۆسەی هاوكاری و پرۆژە و پلانی هاوبەشی حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاسانتر گەلی كورد بە مافەكانی خۆی دەگات و هاندەرێكی بەهێزیش دەبێت بۆ باقی بەشەكانی ئێران، ئەوەش هەمان ئەو ئامانجانەن كە كۆماری كوردستان لە ماوەی تەمەنی كورتی خۆیدا كاری بۆ كرد.

پیرۆز بێت یادی ٢ی ڕێبەندان ڕۆژی نەتەوەیی كوردستان

ژن، ژیان، ئازادی

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٣٠ بەفرانباری ١٤٠١

٢٠ی ژانوییەی ٢٠٢٣