ئاگری باڵەکی
ڕۆژی ١٩ی ژانوییەی ٢٠٢٣ پەڕلەمانی ئەورووپا لە بڕیارێکی بوێرانەدا، دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام بڕیارێکی بە کۆی دەنگی ئەندامانی دژی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دەرکرد. لەو بڕیارەدا داوا کراوە لە ولاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئەوروپا کە سوپای پاسداران لەگەڵ هەموو لق و پۆپەکانیەوە بخرێتە نێو لیستی "تیرۆر" و ئابلۆقەی ئابووری و سیاسی لەسەر کەسانی یەکەمی نیزام "عەلی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی، محەممەدجەعفەر مونتەزیری" دابنرێت!
بڕیارێکی لەم شێوەیە لە ناوەندێکی یاسایی و بەهێز وەک پەرلەمانی ئەوروپا، دەگەرێتەوە بۆ بڵێسەسەندنی خەباتی ڕەوای خەڵکی ئێران و کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پشتبەستن بە کۆمەڵیک ڕاپۆرت و زانیاری ناوەندە جیهانییە و ناوچەییەکان بووە پشتیوانەیەکی بەهێز بۆ ئەو بڕیارە مێژووەیە!
لەدەقی پەسەندکراوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە ڕێکەوتی ١٩ی ژانیویەی ٢٠٢٣ (P9_TA(2023)0016 / European Parliament resolution of 19 January 2023 on the EU response to the protests and executions in Iran (2023/2511(RSP)) ). لە خاڵی ١٠ دا زۆر بەروونی باس لە بەرپرسانی یەکەمی ڕێژیم کراوە وەک کەسانی بەرپرس لە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەریو، هەورەها سوپای پاسداران وەک دەزگایی بەرێوەبردنی سەرکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندەکانی ئابووری و ڕێکخستنی سوپای پاسدارن وەک بونیادی موستەزعەفان، بونیادی شەهید، بونیادی جانبازان، لەگەڵ ئەوەشدا سوپایی قودس لەگەڵ لق و پۆپەکانی لە ولاتانی ناوچەکەدا دەبێ بخرێنە ناو لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا!
لە خالی ١١ دا زۆر بەڕوونی ئاماژە کراوە کە سوپایی پاسداران و میلیشایەکانی سەر بەو ڕێکخراوە کە وەک مافیایەکی ئابووری کار دەکەن و باسکی بەهێزی نیزامی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی ئیرانن دەبێ بە وڵاتانی ئەوروپا سزای ئابووری بسەپێنێ بەسەر هەموو ئەو ناوەندانەی سەر بەسوپای پاسدارنن.
بە نیسبەتی کورد و کوردستانی ئێران لە خاڵی (B) دا ئاماژە بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کراوە کە بەدەستی گەشتی ئیرشاد کوژراوە، بەڵام خالێکی گرینگ کە دەبێ لەسەری بوەستین ناوهێنانی ناوچە کوردستانییەکانی ئیرانە بە "هەرێمی کوردستانی ئێران" کە ئەوە بەمانای ئەوە دێت کە ئەوروپاییەکانش دان بەو ئەو ڕاستییە دادەنێن کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و دەبێ بەشێوەیەکی فیدراتیو بەرێوە بچێ هەربۆیە بەپێ ئەو دەقە یاسایە یەکیەتی ئوروپا باس لە هەرێمێک بە ناوی هەرێمی کوردستان لە نێو جوغرافیایی ئێراندا دەکا. دەقی ڕستەکە بەو جۆرە بریارنامەکە دا هاتووە " لە کاتێکدا ژینا مەهسا ئەمینی خەڵکی هەرێمی کوردستانی ئیران بووە کە تێیدا ناڕەزایەتیەکان زۆر بەربڵاو بووە و سەرکوتەکانیش زۆر تووند بوون".
هەروەها لە درێژەی ئەو دەقەدا باس لە دەست درێژیەکانی سوپایی پاسداران بۆ سەر حیزبە کوردیەکانی ئێران دەکات لە عێراق، کە لەو هێرشانەدا خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی، ئەویش بە بیانووی ئەوەی کە ئەو حیزبانەدەستیان هەبووە لە ڕاپەرینی مانگی سێپتامبر ئێران هەروەها سوپایی پاسداران جگە لە هێرشی موشەکی بۆ سەر ئەو حیزبانە هەوڵی داوە کە هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق.
ئاکام!
ئاکامی خەباتی بێوچان و ڕەوایی کورد بە درێژایی ٤٤ ساڵی ڕابردوو نیشاندەرەی ئەو ڕاستییەیە کە ئێستا دەنگی کورد باشتر دەبیسترێ، بەتایبەتی خەباتی سیاسی و بەرگری چەکدارانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و حیزبەکانی دیکەی کوردستان نابێ لەو نێوەدا لەبیر بکرێت.
ئەوەی کە لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا دیتمان لە شەقامەکانی کوردستانی ئیران ئاکامی خەباتی خاوێن و ڕوونی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران و لایەنە کوردیەکانی دیکە بوو! هەربۆیە لە ماوەی ٤٤ساڵی ڕابردوودا هیچ کات لەکاتی بڕیاری نێودەوڵەتیەکاندا پەنجەی تۆمەتبار کردن بە کردەوەی تێرۆریستی بۆگەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیانی درێژ نەکراوە!