کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرانی دێموکرات لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەنداندا، یادی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینایان بەرز ڕاگرت

10:30 - 1 رێبەندان 2722

ڕۆژی هەینی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١هەتاوی، تێکۆشەران و ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دانانی لۆگۆی حیزب لەسەر گۆڕی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا، ڕێزیان لە یاد و بیرەوەریی ئەو شەهیدانە گرت.

تێکۆشەرانی دێموکرات و لاوانی بە ئەمەگی نیشتمانپەروەر لە شاری سنە، وێڕای ئەوەیکە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کەشێکی تەواو ئەمنییەتییان لەو شارەدا دروست کردووە، لە ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، شەهیدانی ڕێگەی ئازادییان لە بیر نەکردووە و بە ڕازاندنەوەی گڵکۆکانیان بە ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێزیان لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گرت.

ئەندامانی حیزب وێڕای بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییە، لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان بەڵێن و پەیمانیان دووپات کردەوە.