کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزب بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، شکۆی زیاتریان بە جێژنی ٢ی ڕێبەندان بەخشی

12:20 - 1 رێبەندان 2722

بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستان بە شێوازی جۆراجۆر ئەو یادە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت و و بە دوژمنانی کوردستانیان سەلماندەوە کە خەڵکی کوردستان تا وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری نەغەدە لە شوێنەکانی وەک: ''شەقامی باڵغچی، مەزگەوتی حاج قادری، مەیدان کاویان تەنیشت قوتابخانەی ڕەجایی، شەقامی ئیسماعیل ئاباد، فەلکەی نەماز، محەممەد ئەوراز و کێوی سوڵتان یاقووب، گوندەکانی گەرگولی سەرێ، گەرگولی خوارێ، کانی بداغ و دەشتی قوڕێ'' چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە سنە لە گەڕەکەکانی: ''کارئاموزی، شارەک بێعسەت، شارەک ئوتووبووس ڕانی، فەرەح، شارەک پەیام و بەهاران'' بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

لە شاری مەهاباد قوتابییانی ڕێبازی پێشەوا لە ناوچەکانی" ''شامات ئاوایی خێراوا و بەفرەوان، کوڕاوا، قسقەڵا، گردەڕەشی عەجەمان، ڕەسووڵ ئاباد و چوغانلو و هەوروەها لە ناوچەی شاروێران لە شاری گوێکتەپە و گوندی دریاز و لە ناوچەی مەحاڵی شازدە '' بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، شکۆی زیاتریان بە جێژنی ٢ی ڕیبەندان بەخشی.

لە شاری بۆکان و ناوچەکانی ئەو شارە ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بە شێوەیەکی بەرین ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستانانیان بەرز نرخاند و هەستی نەتەوەیی گەلی کوردیان بە داگیرکەران سەلماندەوە و چەندین پەیامیان بەو بۆنەوە ئاراستەی حیزب و خەڵکی بە شەرەفی کوردستان کرد و هەروەها سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڕاپەڕینی شۆڕشی ژینایان کرد و لەگەڵ شەهیدان پەیمانی وەفادارییان نۆێ کردەوە.

ئەو شوێنانەی کە لە بۆکان چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بەریتین لە: '' نێو شاری بۆکان، گەڕەکەکانی سایپا یەدەکی ٢، چاوان نزیک کاناڵی عەلی ئاباد، ناوچەی ئەحمەدی کوڕ، مەلالەر، خانەقا، شەرەفکەند، ئاشی گولان، سەدر ئاباد، کانی ڕەش، هەباسئاوا و گوندی پیربادین."

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، یوبیلی حیزبی دێموکرات و جامانە و تراکت و وێنەی پێشەوا قازی محەممەد لە سەر کێوی تەرەغە، ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

هەر بەو بۆنەوە لە گوندی سەردۆشی مەریوان لە بڵیندگۆی مزگەوتی ئەو گوندە سروودی ئەی ڕەقیب و سروودی شۆڕگێرانەیان بڵاو کردەوە.

لە شاری دیواندەرە تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی یادی دامەزرانی کۆماری کۆردستانی بە نووسینی دروشم چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە سەقز، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان،  لەنێو شاردا بە بڵاوکردنەوەی زیاتر هەزار تراکت، چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات لە شاری جوانڕۆ، تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی پلاکارد، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان بە درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری بانە لە پەیامێکدا ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و پێداگریی خۆیان لەسەر گەییشتن بە مافە نەتەوەییەکانی کورد دووپات کردەوە.

هەروەها لە شاری شنۆ و پیرانشار تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاو کردنەوەی تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان چالاکییان ئەنجام دا.