کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان لە کۆماری کوردستانەوە تا شۆڕشی ژینا

17:22 - 1 رێبەندان 2722

ئاسۆ مینبەری

لە ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، ٧٧ ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکەم دەسەڵاتی سیاسی لە شکڵی کۆماریدا و ئەویش لە جوغرافیای کوردستاندا تێ‌دەپەڕێت، کۆمارێک کە ئەگەرچی سەرەڕای کورتیی تەمەنی دەسەڵاتەکەی، بەڵام ئێستاش پاش ٧٧ ساڵ بە گرینگترین دەسکەوت و شانازییەکانی خەباتی نەتەوەیی کورد دادەنرێت.

لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە بۆنەکانی پێوەندیدار بە کۆماردا باس لە بەستێنی مێژوویی و سیاسیی دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەسکەوتە مێژووییەکانی کراوە، دەسکەوتەکانی چ لە باری سیاسی، چ لە باری هزری و چ لە بوارەکانی دیکەی وەکوو کۆمەڵایەتی، پەروەردە و ...، بەڵام ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینەدا جێگا دەگرێ، کاریگەریی کۆماری کوردستان لەسەر دۆخی ژنانە و هەروەها ئەو ڕاستییەش کە چۆن ژنان لە کۆماری کوردستانەوە گەیشتنە ئەمڕۆ و ئێستا پێشەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادین!

کۆماری کوردستان لە سەرەتای دامەزرانیەوە دەستی بۆ کۆمەڵێک خاڵ برد کە تا پێش لەوە هیچ گرینگییەکیان بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی بوو و نەخوێندەوارییش تێیدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو، نەبوو، یەکێک لەم پرسانە پرسی ژنان بوو! لە کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەواردا کە ڕێژەی خوێندەواریی ژنان سفر بوو و لە هەموو کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە خێزانییشدا پەراوێز دەخران و نەدەبیندران، ئەمجارە لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی دێموکراتیدا توانییان هەست بە بوونی خۆیان بکەن کە یەکەمین هەنگاویشی وەک زۆر جار باس کراوە، دامەزرانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان بوو کە ئێستاش پاش ٧٧ ساڵ لە کار و تێکۆشانی خۆی بەردەوامە.

خاڵێکی گرینگ و جێی تێڕامان لەم چوارچێوەیەدا ئەوەیە کە زۆر جار باس لەوە دەکرێ خودی پێشەوای نەمر، بۆ دەسپێکی کاری ئەم ڕێکخراوەیە، خێزانی خۆی واتە مینا خانمی قازی دێنێتە گۆڕەپانی کاری پراگماتیکەوە و وەکوو ژنێک پێشەنگایەتیی ئەم ئەرکەی دەخاتە سەر شان، لە ڕاستیدا لەو کۆمەڵگەیەدا کە ژنان وەکوو ڕەگەزی ژمارە دوو چاویان لێ دەکرا و تەنیا شیاوی کارگەلێکی وەک هاوسەردارێتی و دایکایەتی و وەچەخستنەوە بوون، ئەمە شۆڕشێکی گەورە بوو کە ژنان لە یەکەمین دەسەڵاتی کۆماریدا خۆیان ببیننەوە و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.

ئەوەی کە پێشەوا قازی ئەم هەنگاوەی لە بنەماڵەکەی خۆیەوە دەست پێ کرد، ڕەنگە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکان بێت بۆ ئەوەی کە بەم بوونە، ژن بتوانێ جێگای خۆی بگرێتەوە. لە ڕاستیدا لە سەردەمی ئێستاشدا کە گۆڕان لە زۆر شتدا دروست بووە و ئاوەزی مرۆڤەکانیش بەردەوام لە گەشەکردن‌دایە، هێشتا هەن کەسانێک کە بیر لە شتی باش دەکەنەوە و گرینگیی پێ دەدەن بەڵام، بۆ خۆیان و چوارچێوەی ژیانی خۆیان بە قەدەغە و بڤەی دەزانن! ئەو هەنگاوەی پێشەوا قازی لەو سەردەمەدا هەنگاوێکی جیددی و بەبایەخ بوو، چونکە لە خۆیەوە و لە بنەماڵەی خۆیەوە دەستی پێ کرد و ئەوەش بوو بۆ هۆکارێک بۆ ئەوەی کە خەڵکی دیکەش هەم گۆڕان لە بیرکردنەوەیاندا درووست بکەن و هەم بایەخ بە تواناکانی ژنان بدەن.

دەسپێشخەربوونی پێشەوا قازی لەم بوارەدا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو، کە توانی ژن بگەڕێنێتەوە بۆ پێناسەی راستەقینەی خۆی. لەو کاتەوە تاکوو ئێستا و بەتایبەت سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سڕینەوەی ژنان و پێناسەکردنی ڕۆڵی لاوەکی وەک هاوسەربوون و دایکبوون و بەپیرۆز نیشاندانی ئەم ئەرکانە، بە پشتبەستن بەو بەکگراوندە مێژووییە کە لە کۆماری کوردستاندا و بەگشتی لە مێژووی کورددا هەبووە، ژنان هیچ‌کات ملکەچی دەسەڵات و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک نەبوون، نموونەکەی هەر ئەو حیجابە زۆرەملێیە بوو کە پاش ٤٤ ساڵ، نەیتوانی ژن بکاتە کۆیلە و ژنان بە هەر چەشنێک کە بۆیان کرابێ دژایەتییان کردووە، تا جێگایەک کە خودی ئەم حیجابە زۆرەملێیە کە ڕێژیم پێی وابوو کۆڵەکەکانی مانەوەی قایم‌تر دەکات، بووەتە هۆکارێک بۆ دەسپێکردنی شۆڕشێک بە ناوی شۆڕشی ژینا کە لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا خەریکە خودی ڕێژیم تووشی نوقم بوون دەکات.

بێگومان شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک نییە کە بڵێین یەکجاری و لەناکاو سەری هەڵدا، شۆڕشێکی کە درێژەدەری هەموو بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکانی دیکەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوویان دا بەلام گرینگتر لە هەمووی ئەم بابەتەیە کە سەرهەڵدانەکەی لە کوردستانەوە بوو، واتە بەستێنی مێژوویی لە کوردستان یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دەسپێکی ئەم شۆرشە بوو هەرچەند نابێ لەبیرمان بچێت کە مێژووی چەندین ساڵەی دژایەتیی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان و بیری داسەپاو لەلایەن دەسەڵاتەوە لە هۆکارەکانی دیکەی پەنگخواردنی هاواری ژنان بوون، دیارە ساڵانێکی زۆرە ژنان بە شێوازی جیاواز بەرەنگاری ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەبنەوە کە بێگومان بەشێکی هەرەزۆری ئەم ویست و خواست و توانایا هەر لە کۆماری کوردستانەوە و لە ئاکامی پەروەردەی ئەم دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێ؛ کۆماری کوردستان بوو کە بە گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ژن و گرینگیدان بە بوونی ژن، فێری کرد کە ئەرک لە ئاستی نیشتمانەکەیدا و لە ئاستی خۆی وەکوو مرۆڤدا وەئەستۆ بگرێت و ببێتە خاڵێکی زێڕین بۆ لێ‌فێربوون.

 کە وایە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی درێژەی هەمان شۆڕشێکە کە ٧٧ ساڵ پێش و بە دامەزرانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان چەخماخەکەی لێ درا و ئێستاش بەردەوام بوون و سەرکەوتنی ئەتوانێ لە ڕزگاری خاک و نیشتمان و گەڕانەوەی سەروەری بۆ خاکە داگیرکراوەکەمان کاریگەریی ئێجگاری زۆری هەبێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.