کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای لەسێدارەدان بەسەر یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا سەپێندرا

12:05 - 2 سەرماوەز 2726

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت، تۆمەت هەڵبەستن و چاوترسێنکردنی خەڵک، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر "محەممەد شەرقی"، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، محەممەد شەرقی، کارمەندی بەشی پاراستنی فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران، لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "هەنگاوی ئۆپەراسیۆنی بۆ دەوڵەتانی دوژمنکار" و "ئەندامەتی لە ڕێکخراوە دژبەرەکاندا" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو داوای پێداچوونەوەی بۆ ئەو سزایە تۆمار کردووە و ئێستا دۆسییەکەی لە لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

محەممەد شەرقی ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگیراوە.

شایانی باسە کە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ کە سەرەتا لەلایەن کاسبکاران و بازاڕییانی تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر خوێندکاران و سەرجەم چین و توێژەکان پێی پەیوەست بوون، بوو بە یەکێک لە بەرفراوانترین خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی ڕابردوو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکان دەستی دایە سەرکوتێکی خوێناوی کە تێیدا هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەسبەسەر کران.