ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە شکۆفە ئەمینی ژنە تێکۆشەرێکی نیشتمانپەروەر و خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە شکۆفە یەک لەو ژنە دڵسۆز و تێکۆشەرانەی گەلەکەمان بوو کە لە سەرەتای شۆڕشەوە تا دوایین ساتەکانی ژیانی ئازایانە ئەوەی لە دەستی هات لە خزمەتکردن بە حیزب و پێشمەرگەکانی کوردستان درێغی نەکرد.
ماڵی دایە شکۆفە هەمیشە پەناگە و جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکان بووە و چەندین جار پێشمەرگەی برینداری لە ماڵەکەیدا پاراستووە و چارەسەری کردوون.
کچێکی دایە شکۆفە بە ناوی فاتمە قادری لە سەرەتای دەسپێکی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتەوە بووە بە پێشمەرگە و ئێستا ئەندامی بەڕیوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
هاوسەرەکەی دایە شکۆفەش لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و نزیکەی ساڵێک لە زیندانەکانی ڕێژیمدا بەند کراوە.
لەو ماوەیەدا دایە شکۆفە کۆڵی نەدا و ئازایانە باری قورسی ژیانی بنەماڵەکەی گرتە ئەستۆ و سەربەرزانە بە هاوکاریی خەڵکی نیشتمانپەروەری تەنگیسەر کاری باخداری و کشتوکاڵیی ماڵەکەیانی جێبەجێ دەکرد.
ئاواتی گەورەی ناوبراو سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات و ڕزگاریی وڵاتەکەی لە بندەستی دوژمندا بوو کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە وەدیهاتنی ئەو ئاواتەی بەچاوی خۆی ببینێ.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆ و گۆڕستانی ئاوایی تەنگیسەر بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.