لە درێژەی هەڕەشە چەندبارەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دانپێدانانی ئاشکرا بە هەوڵەکانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ، ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم داوای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و بەبارمتەگرتنی گەرووی هۆرمۆزی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "تابناک"، ئەردەستانی ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێت دۆکترینی ئەتۆمیی خۆی بگۆڕێت و جارێک و بۆ هەمیشە بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
ناوبراو گەرووی هۆرمۆزی بە یەکێک لە بۆمبە ئەتۆمییەکانی ئێران ناو برد و پێشنیاری کرد باج لە کەشتییەکان وەربگیرێت یان ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتیی وڵاتانی گەمارۆدەر بکرێت.
ئەم ئەندامەی مەجلیسی ڕێژیم هەروەها ئاشکرای کرد کە تاران سێ سوپێرنەوتهەڵگر بەرەو چین بەڕێ دەکات بۆ تاقیکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و هۆشداریی دا کە هەر هێرشێک دەبێتە هۆی پێکدادانی ڕاستەوخۆ.
ئەردەستانی هەروەها هەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کرد و وتی کە مەودای مووشەکەکانی ئێران گەیشتووەتە ٤٥٠٠ کیلۆمیتر و بنکە سەربازییەکانی ئورووپاش لە مەودای پێکانیاندان.
ئەم لێدوانانە جارێکی دیکە سیاسەتی شەڕخوازانە و پڕمەترسیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان دەسەلمێنن.