کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەت دژایەتیی خۆی لەگەڵ پێداچوونەوە و زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران ڕاگەیاند

17:01 - 2 سەرماوەز 2726

سەرەڕای قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانی بێوێنە، وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران بە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی پێشووی، دژایەتیی دەوڵەتی لەگەڵ زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکان و بە وتەی ئەحمەد بیگدێلی، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ئەحمەد مەیدەری وەزیری کار لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە ڕایگەیاندووە کە دەوڵەت بەهۆی نەبوونی توانای دارایی و ناچاربوون بە زیادکردنی مووچەی کارمەندان، دژی زیادکردنی حەقدەستی کرێکارانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان دەوڵەت و مەجلیس بۆ زیادکردنی مووچەی کارمەندانی کەرتی دەوڵەتی، دەوڵەت ئیرادەی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی نییە.

ئەم هەڵوێستەی دەوڵەت پێچەوانەی ئەو بەڵێنەیە کە وەزیری کار لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ و لە کاتی پەسەندکردنی کەمترین حەقدەستدا دابووی و وتبووی کە بڕیارەکە کاتییە و لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٤٠٥دا پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە کەمترین حەقدەستی دیاریکراو بۆ کرێکارێکی خێزاندار و خاوەن دوو منداڵ لە ساڵی ١٤٠٥دا نزیکەی ٢٥ میلیۆن تمەن بووە، کە هەر لە سەرەتای ساڵەوە بەهۆی هەڵکشانی نرخەکانەوە بەهاکەی لەدەست داوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی ڕەزبەردا ٨٨ لەسەدی تێپەڕاندووە و تەنیا تێچووی سەبەتەی خۆراکی خێزانێکی چوارکەسی گەیشتووەتە ٢٣.٥ میلیۆن تمەن؛ واتە تەواوی مووچە و ئێمتیازاتی کرێکارێک تەنیا بەشی خۆراکی خێزانەکەی دەکات و هیچ بڕێک بۆ کرێی خانوو، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان نامێنێتەوە.