سیاسەتە شەڕەنگیزەکانی کۆماری ئیسلامی، گەندەڵیی سیستماتیک و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم، دۆخی ئابووریی وڵاتی بەرەو داڕمانی تەواو بردووە و گوشاری بژێوی گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە توانای بەرگەگرتنیان نەماوە و ناڕەزایەتییە پیشەییەکان پەرەیان سەندووە.
لەم چوارچێوەیەدا و هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی، بەپێی ڕاپۆرت و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان و هەواڵی کاناڵی تێلێگرامیی "یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی شۆفێرانی بارهەڵگری سەرانسەری ئێران"، شۆفێرانی بارهەڵگر ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٥ لە شارەکانی وەک شیراز، چابەهار و دێزفوول دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و مانیان گرتووە.
یەکیەتیی شۆفێرانی بارهەڵگر ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مانگرتنی سەرانسەری ڕاگەیاند و جێگیربوونی کرێی گواستنەوە و چەندین بەرانبەربوونی نرخی سووتەمەنی، ڕۆنی ماتۆر، تایەی ماشین و پارچەی یەدەکی بە هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان ناو برد.
شۆفێران جەختیان کردووەتەوە کە بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و گرانیی بێسنوورەوە کە تێچووی ٤٠ لیتر ڕۆن و پێنج فیلتەری گەیاندووەتە ٦٢ میلیۆن تمەن، چەرخی گواستنەوە دەوەستێنن تا بەرپرسانی ڕێژیم هەست بە کاریگەریی مانگرتنەکەیان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، چاوەدێران و شرۆڤەکارانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی ئەم مانگرتنانە دەتوانێت ببێتە هۆی پەیوەستبوونی چین و توێژە پیشەییەکانی دیکە و ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لای دەسەڵات دروست کردووە؛ بەتایبەت کە بڕانی بەردەوامی کارەبا و دروستبوونی ڕیزی درێژ لە بەنزینخانەکاندا ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بەتەواوی پەک خستووە