لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هاووڵاتییەکی دیکە لە شارەکانی بانە، گیەڵان و دێولان دەسبەسەر کران و لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، یەدوڵڵا مەتاعی، وەرزشوان و ڕاهێنەری بەپێشینەی کاراتە و خەڵکی دێولان لە کاتێکدا کە بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ناوبراو بۆ دووەمین جار درێژ کراوەتەوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە بەگشتی سزای ٣٩ مانگ و ٢ ڕۆژ (زیاتر لە ٣ ساڵ) بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، مامۆستا عەبدولڕەحمان فاتمی، پێشنوێژی هەینیی ئاوایی «خواجامیر»ی بانە، دوای ڕەخنەگرتن لە کوشتنی کۆڵبەران، بانگی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان کرا.
هەروەها سارا کازمی کەلهوڕ، ژنه چالاکی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی گیەڵانی کرماشان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە هاوکات لەگەڵ گەمارۆی ئەمنیی گۆڕستان و ڕێگریکردنی هێزەکانی لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەوگەند سەیادی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها هۆشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنیی بانە و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە شەش مانگ لە دەسبەسەرکرانی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە سزای ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردنی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.