کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

17:42 - 1 رێبەندان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی سەقز و مەریوان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاری و گرتە ڤیدیۆگەلەی کە بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەییشتووە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی سەقز و مەریوان، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی لە ناوچەی سەقز چالاکییان لێ بەڕێوە چووە بریتین لە: شاخەکانی بەردەسوور، قەڵای بارزانی (قەڵای مامەشا)، جاقل و قەڵای بێهنام‌دژ. ئەندامانی حیزب لەو چالاکییانەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان کێشاوەتەوە و چەندین دروشمی حیزبی بۆ پێشوازی لە ٢ی ڕێبەندان نووسراوەتەوە.

لە مەریوان و دەوروبەری، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەبۆنەی ۲ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی پۆستێری تایبەت بە ۲ی ڕێبەندان و هەروەها نووسینی دروشمی شۆڕشگێرانە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و بەمجۆرە ڕێزیان لە کۆماری کوردستان گرتووە و جارێکی دیکەش پشتیوانیی خویان بۆ حیزبە خۆشەویستەکەی پێشەوا قازی محەممەد دووپات کردووەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیوای تەندروستی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.