کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

17:57 - 1 رێبەندان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی کامێران، بۆکان، نەغەدە، دیواندەرە و پیرانشار، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاری و گرتە ڤیدیۆگەلەی کە بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەییشتووە، شەوی هەینی لەسەر شەممە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی کامێران، بۆکان، نەغەدە، دیواندەرە و پیرانشار، بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە گوندی کانی‌ڕەشی سەر بە ناوچەی بۆکان ئەندامانی حیزب بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد.

لە شاری نەغەدە ئەویندارانی ڕێبازی حیزبی دێموکرات، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و شەکانەوەی لۆگۆی حیزب و هەروەها بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە یادی ئەوە ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

لە شاری کامێران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە بە بڵاوکردنەوەی تراکت، دروشم و هەروەها ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد دووپات کردەوە.

لە شاری پیرانشار، ئەندامانی حیزب، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان یادی ئەوە ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

لە ناوچەی ساراڵ هەڵکەوتوو لە شاری دیواندەرە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، بە بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و هەروەها تراکتی تایبەت بەو ڕۆژە یادی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیوای ساغی و سڵامەتی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.