کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و پرسی نەتەوەیی

22:41 - 1 رێبەندان 2722

عومەر باڵەکی

 دوای تێپەربوونی ٧٧ ساڵ بە سەر مێژووی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ئەو ڕاستییەمان لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد باشتر بۆ دەردەکەوێ کە ئەگەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمدا پێویستییەکی مێژوویی بوو لە بەدەستەوەگرتنی جڵەوی خەبات، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستانیش خاڵی وەرچەرخانی گەشەکردن و پەرەستاندنی هەستی نەتەوەیی بۆ تاک‌وکۆی کورد و خۆ دەرخستنی هاوپێوەندی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوو. باشترین بەڵگە بۆ ئەو بۆچوونەوەش ئەوە کە ئەو بیر وئەندیشەی کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا و ئەو هێما نەتەوەییانەی لە کۆماردا بوونە ناسێنەری نەتەوەی کورد، لە سەردەمی ئیستاشدا و لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد وەک هێما و پێناسە بۆ ناساندنی گەلی کورد ڕوو بە دنیای دەرەوەی کوردستان کاریان پێ دەکرێ و جیگای ڕێز و حورمەتی کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی و تاکی کورد بە تایبەتییە.

کۆماری کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمێکدا پێک هات کە جووڵانەوە نەتەوایەتییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا سەرکوت کرابوون و ئەو دەوڵەت نەتەوانەی (فارس، تورک، عەرەب) خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەش کرابوو، دوای سەرکوتی  بێ‌بەزەییانەی جووڵانەوەکان هەستیان بە دەست‌ئاوەڵاییەک دەکرد بۆ ئەوەی بە یەکجاری کورد لە بواری فەرهەنگی و زمانییەوە لەنێو فەرهەنگ و زمانی خۆیاندا بتوێننەوە کە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ئەو خەون و خەیاڵەی دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستانی کردە بلقی سەر ئاو. چونکە بە دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕووناکبیران و نەتەوەخۆشەویستان لە چوارپارچەی کوردستانی گەورەوە ڕوویان لە ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان واتا شاری مەهاباد کرد و لەژێر ئاڵایەک بە ناوی ئاڵای کوردستان کۆ بوونەوە و بەو جۆرە هاوپێوەندیی نەتەوەیی خۆیان پێشان دا و لە هەمان کاتدا زمانی کوردی بوو بە زمانی ڕەسمی نوسین و قسەکردن لە هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتە نەتەوایەتیەکانی ئەو کۆمارە دامەزرا. بەداخەوە هەلومەرج و پیلانیگێریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ماوەیان نەدا کۆماری کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی و نەتەوەیی لە ناوچەکەدا درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆی بدا و دوای یازدە مانگ هەرەسیان پێ‌هێنا، بەڵام هەرسهێنانی کۆماری کوردستان نەبوو بە هۆکار بۆ لە نێوچوونی دەسکەوتە نەتەوایەتیەکان وهەروەکی پێشتر باس کرا دوای تێپەر بوونی ٧٧ ساڵ بەسەر ئەو مێژوویەدا ئێستاش کاریگەریی بیروئەندیشەی کۆماری کوردستان بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا دیار و بەرچاوە.

مێژووی جووڵانەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا پڕە لە کارەسات و خوین و قوربانیدان، بەڵام جووڵانەوەی نەتەوەیی و مافخوازانەی ئەو گەلە بۆ چرکەساتێکیش لە جووڵە نەکەوتووە. لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا یەكێک لە کارئەکتەرەکانی گۆرەپانی ئەو خەباتە دوورودرێژ و پڕ لە قوربانییە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە. بە واتایەکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا پێشەنگایەتیی خەباتی میللی دێموکراتیکی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە بی ئەوەی لەو بەها نەتەوایەتییانە لا بدا کە کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزراند.

لە مێژووی ئەو ٧٧ ساڵەدا گەلێک حیزب و ڕێکخراو لە دنیای سیاسەت و گۆرەپانی خەبات لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتن و هەتا ڕادەیەکیش گەشەیان کرد، بەڵام دوای تێپەربوونی چەندین ساڵ ئاسەواریکیان لە کار و تێکۆشان لێ نەمایەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو مێژووە پڕ لە هەورازونشێوە لە خەباتدا هەروا بەپێوە ماوە و خۆشەویستیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. لێرەدایە دروستە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە حێزبی دێموکرات چۆن توانیویەتی لە گەردەلوولی ئەو مێژووە پڕ لە کارەساتەی دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان بە سەربەرزی قەڵافەتی بەپێوە ڕابگرێ و گەلێک سەروەری بۆخۆی و گەلەکەی لە مێژوودا تۆمار بکا؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەتوانین سێ هۆکار بکەین بە بنەمای مانەوەی حیزبی دێموکرات:

یەکەم، حیزبی دێموکرات لە ناخی ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد سەری هەڵداوە، بەو مانایە کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامانج و خولیاکانی خۆیان لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتدا دەبیننەوە. دووهەم، پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەو ڕابردووە دورودرێژە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چەشنێک بووە کە دەتوانین بڵێین بۆ خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکرات بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆتە فەرهەنگ و کار و، تێکۆشانی ئەو حیزبە هەموو تانوپۆی کۆمەڵگەی کوردستانی داگرتووە، بە واتایەکی دی ژیان و داهاتووی سیاسیی ئەوان ئاوێتەی حیزبی دێموکرات بووە. سێهەم، کۆڵنەدان و فیداکاری و لە خۆبوردوویی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا لە بەرانبەر دوژمنە سوێندخواردووەکانی گەلی کورد لە ئێران. ئەو سێ هۆکارە هەروەکی پێشتر باس کرا دەتوانن کاکڵی مانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەیدانی خەباتدا بن.

لە ماوەی ٧٧ ساڵی ڕابردوودا هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ناوچەکانی دیکەی ئێران خەبات و دژایەتیکردن بەدژی نیزامی پاشایەتی و نیزامی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە و دەیان حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر بە بیر و تێڕوانینی جیاواز لە یەکتر لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران دروست بوون و هەر کامیان بە شێوازی خۆیان لەدژی نیزامی پاشایەتی و نیزامی کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردووە و لەو نێوەشدا بەشی شێری ئەو خەبات و بەربەرەکانییە بەدژی هەردوو نیزامەکان وەبەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە کە حیزبی دێموکرات یەکێک لە کاراکتێرە سەرەکییەکانی ئەو خەبات و بەربەرەکانییە بووە. لەو خەبات و بەربەرەکانییە دژوار و سەختەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو کات هەوڵی داوە پێبەندی ئەو بنەما نەتەوەیی و دێموکراتیکە بێت لەسەری دامەزراوە.

 حیزبی دێموکرات ڕوانگەی بەنیسبەت سیستمی سیاسیی ئێران چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ڕوون و ئاشکرا بووە. کە چاو بە دێکیومێنت و بەڵگەکانی تایبەت بەو بابەتەدا دەخشێنین، سیاسەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتمان بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێ. ئەو حیزبە هەموو کات لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە ئێران وەک یەکەیەکی جوغرافیایی وڵاتێکی فڕە نەتەوەیە و لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەو ڕاستییە ڕووبەڕوو دەبین کە گیروگرفتی نیزامە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران، پرسی چارەسەرنەکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی ئەو نەتەوانە بووە. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی تاران چ لە نیزامی پاشایەتی و چ لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هەموو کات خۆیان لە ئاستی ئەو ڕاستییە گێل کردووە و هەوڵیان داوە لەبری چارەسەری ئاشتییانەی پرسەکە، لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە جووڵانەوە مافخوازییەکانی ئەو نەتەوانە بەتایبەتی گەلی کورد سەرکوت بکەن و ئەوە وای کردووە گەلی کورد ناچار بێت بکەوێتە پاراستنی مان و مەجوودییەتی خۆی و لەو سونگەیەوە پەنای بۆ بەرگریی چەکداری بردووە. کاتێک دوژمنی دەسەڵاتدار نەیتوانیوە بە زەبری هێز جووڵانەوەی کورد بە چۆک دابێنێ ئەو جار بێ کار دانەنیشتووە و پەنای بردووە بۆ پڕوپاگەندەی بێ‌بنەما و لە ڕێگای دامودەزگای تەبلیغیی خۆیەوە هەوڵی داوە بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی ئێران بەرەو ئەوە ڕابکێشێ کە گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵ دەدەن بۆ جیابوونەوە لە ئێران. هەروەک باس کرا ئەوە خۆگێل‌کردن و خۆبواردنە لە بنەڕەتی پرسەکەیە، چونکە ڕاستییەكەی ئەوەیه له ئێراندا گەلانی زۆرلێكراو زیاتر له نیوەی دانیشتووانی ئێران پێك دێنن و خوێندن به زمانی زگماكی، پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگی نەتەوایەتی، لابردنی جیاوازیدانانی ئابووری و سیاسی و له هەمووی گرینگتر دیاریكردنی چارەنووس به دەستی خۆیان بەشێك له مافه ڕەواكانی ئەو گەلانەن.

بەپێی هەموو پێوانە نێودەوڵەتییەکان لابردنی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر ئەو گەلانە بەپێچەوانەی ئیددیعای ژمارەیەك له دوژمنان، هاندانی گەلان بۆ جیابوونەوه نییه، بەڵکوو داننان بە مافە نەتەوایەتییەکانی ئەو نەتەوانە دەتوانی زامنی دابینكردنی یەكیەتیی ڕاستەقینەی ئەو گەلانە له چوارچێوەی ئێرانێكی دێموكڕاتیکدا بێ. بەو مانایە داننان بە مافە نەتەوایەتیەکان و پاراستنی ئازادییه دێموكراتییەكان و چەسپاندن و پتەوكردنی مافی شارومەندی دەتوانی بناخە و ژێرخانی ڕێژیمێكی گەلی و دێموکرات بێ کە ڕەواییەتی خۆی لە خەڵک وەرگرتبێ. خۆ ئەگەر ئەو ئەسڵەش وەک بنەمای داهاتووی ئێران دابنێین کە بەبێ بوونی ڕێژیمێكی دێموكراتیی ڕاستەقینه مافەكانی گەلی كورد و گەلانی دیکە لە ئێرانی دوای نەمانی کۆماری ئیسلامیدا دابین ناكرێ؛ دەبێ ئەو ئەسلەش وەبیر هەموو لایەک بینینەوە کە هیچ ڕێژیمێک له ئێراندا ناتوانی لە بواری سیاسیی و ئابووری و ئەمنییەتییەوە سەقامگیر بێ بێتوو نەتوانێ پرسی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران وەک خۆی ببینێ و چارەسەریان بكات.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.