کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

09:35 - 2 رێبەندان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی "مەهاباد، کامێران، بۆکان، سەردەشت، سەقز، نەغەدە، بانە و شنۆ، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاری و گرتە ڤیدیۆگەلەی کە بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، شەوی شەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی مەهاباد، کامێران، بۆکان، بانە، سەردەشت، سەقز، نەغەدە و شنۆ، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

لە نەغەدە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و هەروەها بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان لە جاددەی نێوان نەغەدە و قاڕنێ، چالاکی بەڕێوە چوو.

ئەندامانی حیزب لەم شوێنانەی بۆکان چالاکییان بەڕێوە برد: جاددەی نۆبار، گوندەکانی قادرئاوا، باغچە، سەرباغچە، پاشبڵاغ، نۆبار، تەرەغە و چوار دیوار، چالاکی بەڕێوە چوو.

لە شاری بانە ئەندامانی حیزب لە کێوی ئاربابا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە شاری مەهاباد، ناوچەی سارم و میرقازی، ناوچەی شامات، چۆمی مەجیدخان، گوندی قەباکەندی و گوندی خانکەندی، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەهاباد سەردانی گۆڕی شەهیدانیان کرد و بەدانانی تاجە گوڵینە و ئاڵای کوردستان لەسەر گۆڕی شەهیدان یادی ۲ی ڕێبەندانیان بەرز نرخاند.

هەروەها لە شارەکانی سەقز، کامێران و سەردەشت بەبۆنەی هاتنی ٢ی ڕێبەندانەوە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی بەڕێوە چووە. 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیوای ساغی و سڵامەتی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.