کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم

10:31 - 11 بەفرانبار 2722

خەڵکی ڕاپەڕیوی جوانڕۆ لە درێژەی ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکاندا بە دەستی بەتاڵ ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کچان و کوڕانی قارەمانی شاری جوانڕۆ دوای ئەوەیکە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگەیان نەدا ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی شەهیدانی ئەو شارە بەڕێوە بچێ، لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕووبەڕوو بوونەوە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆ و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک و لە ئاکامدا لاوێک شەهید و چەند کەسیش بریندار بوون.

خەڵکی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ  دوای شەهیدکرانی لاوێکی شۆڕشگێڕی ئەو شارە بە ناوی بۆرهان ئەلیاسی، زۆربەی شەقامەکانی شاریان کۆنتڕۆڵ کرد و هێزە داگیرکەرەکانیان ڕاو نا و ژمارەیەک دامودەزگای حکوومی و مۆڵگەی سپای تێرۆریستیی پاسدارانیش کەوتە بەر هێرشی ڕق و تووڕەیی خەڵکی ڕاپەڕیو.

هەروەها لاوانی بوێری جوانڕۆ بۆ ئەوەی هێزی زۆرتری ڕێژیم نەیەتە نێو شار، بازگەی پشکنینی ڕێگای نێوان جوانڕۆ و ڕوانسەریان ئاگر تێبەردا و هێزە چەکداراەکانی ڕێژیمیش ئەو بازگەیەیان چۆڵ کرد.