
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی ورمێ، سنە، مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و بانە، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاری و گرتە ڤیدیۆگەلەی کە بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، شەوی شەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی ورمێ، سنە، مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و بانە بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە لە شاری ورمێ لە گەڕەکەکانی "ئیسلام ئاباد، حەکیم نزامی، فەلەکەی مودەڕس و شارەکی وەلیعەسر"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.
هەروەها لە گوندی نزاز لە ناوچەی سنە ئەویندارانی ڕێبازی قازی محەممەد، بە نووسینی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بەو ڕۆژە، وەفاداریی خۆیانیان بۆ درێژەدانی ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان دووپات کردەوە.
هەروەها خەڵکی شارەکانی "جوانڕۆ، بانە و سەقز"، سەرەڕای بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاو لەنێو شاردا، لەنێو ماڵەکانیشیاندا بە دانانی مۆم و شیرینی و وێنەی پێشەوا قازی محەممەد یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی بە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیوای ساغی و سڵامەتی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نەتەوەییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.