کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی دووی ڕێبەندان

18:59 - 2 رێبەندان 2722

٢ی ڕێبەندان لووتکەی بەرزی کوردایەتی، دێموکراسی و دادپەروەری 

نەتەوەی سەربەرز و ئازادیخوازی کورد
تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی نیشتمان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی


هەروەک دەزانین، ٧٧ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێکدا نەتەوەی کورد پاش سەدان ساڵ بێبەشبوون لە دەسەڵات و خۆسەروەری، توانی لە شاری مەهاباد و بە ڕێبەریی کەسایەتیی بەرزی ناوچەکە،پێشەوا قازی محەممەد، بناغەی دەسەڵاتێکی ڕەسەن و خۆیی دامەزرێنێت، ئەم بڕگە لە مێژوو و ژیانی کورددا ڕەنگە دووپاتە بووبێت، بەڵام ئەوەی کە گرنگیی بەم قۆناغە مێژوویییە دەبەخشێت سەردەم و چەرخی هاتنەئارای وەها دەسەڵاتێکی کوردییە کە بە سەردەمی هاتنەئارا و سەرهەڵدانی پرۆسەی دەوڵەت ـ نەتەوەکان و گۆڕینی خەریتە سیاسی و جوغرافیایییەکان ناسراوه و تەنیا سێ دەیە لە دووهەمین دابەشکاریی کوردستان تێپەڕی بوو.
ئەگەرچی کۆماری کوردستان یەکەم ئەزموونی کورد لە دەسەڵاتداریەتی و حوکمڕانیی قەڵەمڕەو خۆی نایتە ئەژمار، بەڵام ئەوەی کە کۆماری کوردستان لە مێژووی کورددا بەرجەستە و ناوەزەد دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم کۆمارە هێنەری کۆمەڵێک دیاردە و چەمکی سیاسیی نوێیە بۆ کورد، کە دێموکراسی و دادپەروەری سەرباشقەی ئەم دیاردە نوێیەی مێژووی کوردن و لەنێو سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی کورددا وەکوو ئەستێرەکەی پرشنگدار دەدرەوشێتەوە، واتە ئەگەر ئەو قۆناغانەی دیکەی کورد کە خاوەن دەسەڵات و کیانی سیاسیی خۆی بووە وەکوو بەشێک لە پەیکەرەی مێژووی کورد لە قەڵەم بدرێت، دەبێت کۆماری کوردستان بە کۆڵەکە و ماددەی سەرەکیی ئەم مێژووە چاو لێ بکرێت، چونکە وەکوو ئەستێرەیەک ڕێنیشاندەر بۆ بزووتنەوەکانی پاش خۆی ڕۆڵی گێڕاوە و ڕەنگدانەوەی سیاسەت و عەقڵانییەتی ئەم گۆڕانە لە ڕەوت و جووڵەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ حیزبی دامەزرێنەری کۆمارـ هەست پێ دەکرێت.

خاڵی بەهێزی کۆمار بۆ ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا توانی کۆمەڵێک دەسکەوت بۆ کورد دەستەبەر بکات کە هەتا سەردەمی کۆمار لەلایەن بزووتنەوەکانی دیکەوە بەو شێوەیە بە تەواوەتی و سیستماتیک هەنگاویان بۆیان هەڵنەگرتبوو، چونکە لە داخوازییەکان و هەڵویستەکانیاندا گشتییەت و هەمەلایەنی بەدی نەدەکرا لە حاڵێکدا کۆمار بە تەمەنێکی کورت و ساواوە توانی دەست بۆ بەشی زۆری ئەو خاڵانە ببات کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە وەکوو بڤە سەیر دەکران؛ کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، دامەزرانی سپای نەتەوەیی، دیاریکردنی سروودی نەتەوەیی، لێدانی ڕۆژنامە، بڵاڤۆک و کتێبی کوردی، سازدانی پێوەندی و دیپلۆماسیی دەرەکی و لە گشت گرنگتر شێواندنی نەخشەی داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان کە دەکرێت وەکوو هەڵوەشانەوەی عەقڵیەتێکی زاڵی نەتەوەیەک کە سەدان ساڵە خۆی پێ سەرترە و نەتەوەکانی دیکەی پێ سووک و هیچە، وەکوو خاڵی بەهێزی کۆمار سەیر بکرێن.

هەنووکە کە لە نێو قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و شۆڕشگێڕیداین و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لەرزەی وە گیانی بێڕەحمترین داگیرکەری کوردستان خستووە و شۆڕشێک لەژێر ناوی "ژن ژیان ئازادی" ڕێبەری دەکات و گەورەیی و مەزنایەتی کورد و ژنی کوردی بە ئێران و جیهان سەلماندووە، بە درەوشانەوەی ناوی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بەتایبەت قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی لە ڕاپەڕینەکاندا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە کۆماری کوردستان و دوورەدیمەنەکانی ڕێبەرانی کۆمار بەردەوامە و شوناسخوازی، مافخوازی، دێموکراسی و دادپەروەری ئەو چەمکانەن کە کۆماری کوردستان وەکوو بەردی بناغەی ناسیۆنالیزمی کورد دایناون و هەتا لووتکەی سەرکەوتن، کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی لەسەریان پێداگرە، کە شۆڕشی ژینا سەلمێنەری ئەم ڕاستی و هەقیقەتەیە کە نە کوردستان سەر دادەنوێنێ و نە سیستمی داگیرکاری و کۆلۆنیالیستیی هەتاهەتایییە.
سەرکەوێت ڕاپەڕینی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران!

بڕووخێت سیستمی داگیرکاری و فاشیستیی ڕێژیمی ئاخوندی!
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۲ی کوردی