کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە ڕێژیمی ئێران

16:52 - 12 بەفرانبار 2722

وەزیری بەرگریی کابینەی نوێی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدوانیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان، هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: کاری سەرەکیی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین تاران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی جێروزاڵم پۆست ڕایگەیاند کە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری نوێی بەرگریی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدوانی‌دا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی: کار و بەرنامەی سەرەکیی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل کە بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆک‌وەزیرانیەتی، ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە بکرێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگا و هەموو مۆڵگەکانی لە ناوچەکەدا بکرێنە ئامانجی مووشەکەکانی ئیسرائیل.

یۆئاڤ گالانت ئەوەشی ڕاگەیاند کە، کۆماری ئیسلامی بێ ڕاوەستان کار بۆ ئەوە دەکا کە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەو کارە نادا و ئەرتەشی ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە داهاتووی نزیکدا بنکە و دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بکاتە ئامانجی مووشەکەکانی و هەروەها لە ناوچەکەش‌دا مۆڵگەی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە خامنەیی بوردمان بکا.