برایم چووکەڵی
خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی و تیکۆشانی هێزی پێشمه‌رگه له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا به یه‌کێک له شانازییه‌کانی حیزبی دێموکرات دادەنرێ. له ماوه‌ی ئه‌و چوار ده‌یه له ڕاستیدا جووڵانی هێزی پێشمه‌رگه به‌حه‌ق جێگای سه‌ربه‌رزی و شانازییه نه‌ک بۆ حیزب، به‌ڵکوو بۆ خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ته‌نانه‌ت بۆ گه‌لانی دیکه‌ی ئێرانیش. ئه‌و زه‌بره گاریگهرانهی له په‌یکه‌ری هێزی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ده‌که‌وت و گرتنی موڵگهکان و شکاندنی که‌مینه‌کان و به‌ربه‌رکانی قاره‌مانانه‌یان ده‌ریخست که پێشمه‌رگه‌ی کوردستان چه‌نده ئازا و به‌ئیمان و لێوه‌شاوه‌ن. شه‌هید حاجی مه‌لابرایم ڕۆسته‌می، یەک لە فەرماندە و ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی خەباتە کە لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەدا باس له ژیان و بەسەرهاتی ده‌که‌ین.
حاجی مه‌لا برایم ڕۆسته‌می ساڵی ١٣٠٦ی هه‌تاوی له‌ئاوایی "قۆرغان"ی مه‌هاباد له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوردپه‌روه‌ر چاوی به دنیای ڕوون کرده‌وه. کە گەورە بوو له‌سه‌ر ویستی باوکی ڕووی له قوتابخانه‌ی ئایینی کرد و لە حوجره‌ی فه‌قێیانی ئاوایی حاجیئاڵیکهند گیرسایەوە و پاشان بۆ درێژه‌دان بە خوێندنی ئایینی ڕووی له گونده‌کانی شێخ‌چۆپان و کانیزێڕینه له ناوچه‌ی سه‌قز و سه‌رئه‌نجام گوندی تورجانی بۆکان کرد و ئیزنی مەلایەتیی وەرگرت.
حاجی مه‌لابرایم سه‌ره‌تا له ئاوایی گردییهعقوب له ناوچه‌ی شاروێرانی مه‌هاباد دامه‌زرا و پاشان ماڵی به‌ره‌و ئاوایی خوڕخوڕه باری کرد و تا کۆتایی ژیانی هه‌ر له‌و گونده مایه‌وه. حاجی مه‌لابرایم ئه‌ده‌بدۆست و مرۆڤێکی خۆشناو بوو، و بێزاریی خۆی له‌که‌سانه ده‌رده‌بڕی که به ناوی دینه‌وه خه‌ڵک به ڕێگای خراپ‌دا ده‌به‌ن و پاساو بۆ زوڵم و ژێردەستەیی دێننەوە.
مامۆستا حاجی مه‌لابرایم له هه‌ڕه‌تی لاوەتیدا بوو به ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەو بۆ به‌ڕیوه‌بردنی ئه‌رکی حیزبی سه‌ری به هه‌موو ماڵێکدا ده‌کرد و کاتێک ساواک لە ساڵی ١٣٤٢دا پێی زانی، گیرا و خرایە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی پەهلەوی. حاجی مه‌لابرایم له زیندان ئازار و ئهشکهنجەی زۆر درا، به‌ڵام لێوه‌کانی له ئاستی نهێنییەکانی حیزب ههڵنهپچری و شانازییەکی گەورەی بۆخۆی تۆمار کرد. مه‌لابرایم پاش ئازادبوونی له به‌ندیخانه پێوه‌ندی به شۆڕشگێڕانی ساڵه‌کانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی حیزبەوە گرت و سه‌رله‌نوێ بۆ تێکۆشانێکی به‌رده‌وام، بوو به هاوکاری ئه‌و خه‌باته ڕه‌وایه. ئەو به‌هه‌موو جۆرێک خه‌ڵکی دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی هان ده‌دا تا به‌گژ دیکتاتۆری‌دا بچنه‌وه. ئەو لە خۆپێشاندانەکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧دا چالاکانە بەشداریی کرد و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی خێزاندار و باری ژیانی له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، به‌ڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی فیتوای جیهادی خومەینی دژی کورد بوو به پێشمه‌رگه.
حاجی مه‌لابرایم له پێده‌شته‌کانی ناوچه‌ی شاروێران به‌شداریی حه‌ماسه‌کانی هێزی پێشمەرگەی ده‌کرد و پاش ماوه‌یه‌ک بەهۆی ئازایەتی و کارامەیی وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک دیاری کرا. کاتێک ناوچه‌ی هه‌وشار کەوتە به‌ر په‌لاماری هێزه‌کانی ڕێژیم، حاجی مه‌لابرایم له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پیشه‌وا ڕوویان له‌و ناوچه‌یه کرد و بە ئەزموونەکانی خۆی له زۆر شوێنی ئه‌و ناوچەیەدا پێشی به هێرشی داگیرکه‌ر گرت.
به‌ره‌به‌یانی ١٦ی خەرمانانی ١٣٥٩، سیوادی به‌یانی ڕووناکیی ئه‌ستێره گه‌شه‌کانی ئاسمان ڕوو له‌کزی بوون. حەوت قاره‌مانی ئه‌و نیشتمانه کە له ڕێگایه‌کی دووره‌وه هاتبوون زۆر به‌نهێنی خۆیان به ئاوایی "داشکستان"دا کرد. حاجی مهڵابرایم له‌هه‌ر ده‌رگایه‌کی دابوایه، له‌سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت کرابۆوه. ئه‌وان زۆر به‌په‌له و پێش ئه‌وه‌ی خۆر به‌رز بێته‌وه پاروویەک نانیان خوارد و به‌ره‌و ئه‌شکه‌وتی "حساملهشکریان" هه‌نگاویان تێ‌یان هەڵکرد و له ئه‌شکه‌وتێکی ئەو شاخەدا بۆ پشوودان لایان دا. بەڵام زۆر زوو حاجی مه‌لا برایمی فه‌رمانده ئاگادار کرا که دوژمن پێیانی زانیوە و دوای ئەوەی بەسەر ئاواییان داداوە، لەسۆنگەی ڕاپۆرتی سیخوڕانەوە بەرەو ئه‌شکه‌وتی حیساملهشکریان بەڕێوەن.
له چه‌ند لاوه هێزی به‌کرێگیراو به‌ره‌و به‌رزایی ئه‌شکه‌وته‌که هه‌ڵگه‌ران. قاره‌مانانی دێموکرات خۆیان له دوژمن مات دابوو. هیزی ڕه‌شی به‌کرێگیراو مهغولئاسا به چیا پێوه‌ر بوون و ته‌قه ده‌ستی پێ کرد. شێرەکوڕانی دێموکرات به‌لێنیان به یه‌کتری دا کە گیان بدەن بەڵام کۆڵ نەدەن. هاوڕییه‌کی مەلا برایم له یادداشته‌کانی به‌مجۆره باسی شه‌هیدبوونی ده‌کا:
"له‌شکری جه‌هل و نه‌زانی وه‌ک ڕه‌شکه‌ی سه‌رده‌می سه‌فه‌وی هه‌ر ده‌هات و زیادی ده‌کرد. تۆپه‌کانیان، قڕناسه و مهترالیۆسهکانیان ته‌نیا یه‌ک خاڵیان لهسێرهدا بوو، ئه‌ویش ئه‌شکه‌وتی حیساملهشکر و قه‌ڵا و په‌ناگای هه‌ڵۆکان و حاجی مامۆستای ورهزێڕین بوو. ده‌مێکه فیشه‌ک له که‌می داوه، ته‌رمی هه‌ڵۆیه‌ک ڕاکشاوه و گوڵاله سووره‌یان لهبهرۆک داوه. سه‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی ماون ده‌گرن دیوانێ، تا بزانن ڕێگه‌چاره کوانێ. کاتی تۆمار و نووسینه، ئاخر لاپه‌ڕه‌ی چاره‌نووسی خوێنینه و دوایین ته‌قه و کوشتنی نه‌یاری دڵ پڕ له قینه. تفه‌نگه‌کان ده‌شکێنن، نه‌وه‌ک دوژمن دەستیان بەسەردا بگرن. هه‌ڵۆکان، مامۆستا و پێشمه‌رگه‌کان له‌سه‌ر ڕه‌وز وێستاون، ده‌ڕواننه هه‌وشار و ڕوو له شاروێران له‌ژێر ڕه‌هێڵه‌ی چه‌کان، دوایین بزە له‌سه‌ر لێوان ده‌خوڵقێنن، په‌رده‌ی کۆتایی حه‌ماسه‌ی دمدم و داشکستان. برایم که‌لهوڕی ده‌مێکه شه‌هیدی نیشتیمانه، سه‌لاح لاهوری و عه‌زیز شوانه ڕه‌وه‌زێکی به‌رز جێگه‌یانه، خالید شکاری و ڕه‌سوڵ به‌شیری دوایین ته‌قه‌یانه و په‌رویز که‌رباسی و ماموستا، خۆههڵدێرین دوایین ڕسته‌یانه و فڕینی هه‌ڵۆ باڵشکاوه‌کان کۆتایی په‌رده‌ی گه‌مارۆیانه. تەرمەکان چه‌شنی به‌رگی گوڵه‌باخه‌کان په‌ڕپه‌ڕ ده‌که‌ونه به‌ر سۆزی شنه‌بای به‌ره‌به‌یانی شازده‌ی خه‌رمانانی په‌نجاونۆ و جه‌للادیش بێده‌سکه‌وت گۆڕه‌پانی حه‌ماسه‌ی داشکستان وه‌ک دمدمی برادۆست به‌مێژوو ده‌سپێرێ."
تەنیا حاجی مه‌لابرایم و هاوڕێیەکی مابوون. ئەوانیش کاتێک گولله‌یان پێ نه‌ما، ده‌ست له‌نێو ده‌ست له ئه‌شکه‌وتی حسام له‌شکریان خۆیان فڕێدایه خواره‌وه و بهمچهشنه ڕوحی به‌رزیان بۆ ئاسمانی نه‌مری شه‌هیدانی کورد و کوردستان فڕی.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.