کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی ئێران خوازیاری گۆڕینی ڕێژیمن

22:24 - 2 رێبەندان 2722

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

خۆپیشاندەرانی ئێران خوازیاری گۆڕینی ڕێژیمن

 ئەمریکا دەبێ یارمەتییان بکات

فارین ئەفەیرز – ئێریک ئێدێلمەن و ڕەی تاکیە

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢، مەهسا ئەمینی، کوردێکی ئێرانیی تەمەن ٢٢ ساڵ، لە کاتی دەستبەسەرکرانی لەلایەن پۆلیسەوە، دوای بەندکران بە هۆی ئەوە کە بە ڕواڵەت قژەکانی بەجوانی دانەپۆشیوە، کوژرا. ئەمینی نە یەکەم ژن بوو دەستبەسەر بکرێ و نە یەکەم کەس بوو لەلایەن پۆلیسەوە بکوژرێ. بەڵام، مردنی ناوبراو چەخماخەی جووڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی بوو کە بوو بە دەنگی تووڕەیی گشتی و جاڕزبوونێک کە چەند مانگ بوو پەنگی خواردبۆوە. وەرزێڕان لە نەبوونی ئاو سکاڵایان کردبوو، خوێندکاران لەبەر نەبوونی ئازادی، مامۆستایان لەبەر نزمبوونی ئاستی مووچە و، خانەنشینکراوان لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری. ئێمە لە ٢٠٢٠، لە فارین ئەفەیرزدا باسمان کردبوو کە کۆماری ئیسلامی لەوە لاوازترە کە لێکۆڵەرەوان و سیاسەتوانانی ڕۆژاوایی بیری لێ دەکەنەوە. ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ دەیسەلمێنن کە ئێمە ڕاستمان دەکرد. کۆماری ئیسلامی خۆگونجێنە، بەڵام لە بەرانبەر هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێراندا ناتوانێ خۆ ڕاگرێ.

لە سەرەتای دەستپێکیەوە چوار دەیە لەمەوبەر، ڕێژیمی تیۆکراتیکی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانان هەژاوە. لە ١٩٩٩، خوێندکاران وەک ناڕەزایەتی دژی داخرانی ڕۆژنامەیەکی ڕیفۆرمخواز ڕژانە سەر شەقامەکان. لە ٢٠٠٩، مەحموود ئەحمەدینژاد لە هەڵبژاردنێکی ساختەدا بوو بە سەرکۆمار، کە بوو بەهۆی دەستپێکی جووڵانەوەی سەوز، سەرهەڵدانێکی چینی مامناوەند کە داوای هەڵبژاردنی بێ‌فرتوفێڵی دەکرد. لە ٢٠١٧ و ٢٠١٩، گرانبوونی سووتەمەنی و نان بوو بە هۆی سەرهەڵدان لەنێو هەژارانی ئێراندا. سەرهەڵدانەکانی پێشوو بە سەر چینەکاندا دابەش ببوون. بە پێچەوانە، ئەوڕۆ ئێرانییەکان لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا یەکیان گرتووە. ئەوە سەرهەڵدانێکە بۆ کەڕامەت، ئازادی و لێپرسینەوە لە دەوڵەت، وەکوو جووڵانەوەی بەهاری عەڕەبی، زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە وڵاتانی عەڕەبی کە بە خۆسووتاندنی محەممەد بوعەزیزی، میوەفرۆشێکی تونسی، دەستی پێ کرد. ئەوڕۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی داوای چاکسازیی ناکەن، بەڵکوو نەمانی کۆماری ئیسلامی. ئەوان گۆڕینی ڕێژیمیان دەوێ. وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ لە دوورەوە بە زیادکردنی گەمارۆ و باشترکردنی پەیوەندیگرتنی نێوان خۆپیشاندەران، یارمەتییان بدا.

شەیتانێک کە دەیناسی

ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی ناڕەزایەتییەکانی وەک پیلانی بیانییان ڕەت کردوونەوە و ئیدیعای کردووە ئەوان "لەلایەن ئەمریکا و ڕێژیمی داگیرکەر و ساختەی زایۆنی" پلانیان بۆ داڕێژراوە. بێجگە لەو بەلاڕێدابردنە، شێوەی نەریتییانەی ڕێژیم، واتە بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژانەی خێرا دژی خۆپیشاندەران، لەکارخستنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال‌مێدیا بۆ پێشگرتن بە هاوئاهەنگیی نێوان خۆپیشاندەران، دەستبەسەرکردنی ڕێبەرە مەیدانییەکان و چاوەڕوان‌بوون بۆ هێوربوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بووە. سەرەڕای ناوبانگیان بۆ دڕندەیی، مەلاکان لە بەکارهێنانی هێز بەبێ جیاوازیی دوودڵ بوون. وەک دیکتاتۆرەکانی دیکە، ئەوان لەوە دەترسن هێزە بەکرێگیراوەکانیان ڕەنگبێ لە تەقەکردن لە هاونیشتمانانیان دوودڵ بن. بەڵام، خودی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و، بڵاوبوونەوەیان لە سەرانسەری وڵات، سەریان لە حکوومەت شێواندووە و ستراتێژییە ئامادەکراوەکەیان بۆ بەڕەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی بێ‌کەڵک کردووە.

ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەو جووڵانەوەیە لە ئەوانی ڕابردوو خۆڕاگرتر دەبێ. سەرهەڵدانە ساواکەی ئێران هێشتا ڕێبەرانی ناسراو و پێکهاتەیەکی ڕێکخستووی نییە و هیچ شۆڕشێک بێ شۆڕشگێڕان سەر ناکەوێ. بەڵام چەند مانگ دوای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان، تاقمی وەک لاوانی تاران سەریان هەڵداوە و بە سەرکەوتوویی داوای خۆپیشاندانیان کردووە. ئۆپۆزیسیۆن هەروەها لە پارێزگاکانی ئێران مانگرتنیان ڕێک‌خستوون: بازاڕەکان داخراون و شوێنە بازرگانییەکان وەک ئاماژەیەک بۆ هاودەنگی لەگەڵ خۆپیشاندەران داخراون. لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، وێدەچێ هێزە ئەمنیەتییەکان شەکەتتر بن. سەرکوتی خۆپیشاندەران تێچووی دەروونی هەیە.

خۆپیشاندانەکانی ئێران نوخبەی سیاسیی تووشی دووبەرەکی کردووە، کە ئەوەش پێش‌مەرجێکی گرینگ بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە. خامنەیی وێدەچی لەوە بترسێ کە ڕێژەیەکی زۆرتر لە کۆنەپارێزانی لایەنگری دەسەڵات خۆیان لە حکوومەت بەدوور بگرن. عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پارلمان گوتی، "ئێمە دەبێ شوێنی گشتی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئامرازی گفتوگۆ دابین بکەین." محەممەد خاتەمی، سەرکۆماری پێشوو، لێدوانێکی بڵاو کردەوە کە خوێنەری زۆری هەبوون و لەوێدا ستایشی مەبەست و دروشمەکانی خۆپیشاندەرانی کردبوو. تەنانەت "کۆماری ئیسلامی"، ڕۆژنامەیەک کە خاتەمی دایمەزراندووە، ئیدیعای ڕێبەری گەورەی لەمەڕ بوونی دەستی دەرەکی لە پشت ناڕەزایەتییەکان ڕەت کردبۆوە و گوتبووی "گیروگرفتی هەڵاوسانی نرخەکان، بێکاری، بێ‌ئاوی، و وێرانیی ژینگە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵک، لە هەموو چین و توێژەکانی وەک خانەنشینکراوەکان، مامۆستایان و خوێندکاران، ناڕەزایەتی دەرببڕن." پشتیوانییەکی لەو شێوەیە لەلایەن سیاسەتوانانی سەرەکی بێ‌وێنەیە و نیشانەی لاوازبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.

لە تەواوی ماوەی ئەو قەیرانەدا، ڕێژیم لەرزۆک دەرکەوتووە. خامنەیی بەساڵداچوو، چەند ساڵی ڕابردووی تەرخانی دەرکردنی هەموو کەس لە بازنەی دەسەڵات، بێجگە لە کەسانی ماستاوچی کردووە و ئێستا لەلایەن کەسانی کەم توانا دەورەی دراوە. سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی مۆرەیەکی کەمدوێی سیستەمە کە خەیاڵی هەڵسوکەت دەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی نییە. غولام حوسێن موحسینی-ئێژەیی، سەرۆکی سیستەمی دادوەری، لەنێوان داوای گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن و هەڕەشەکردندا لە هاتوچۆدایە. ناوەندە بەفروفیشاڵەکانی هەواڵگریی ئێرانی نەیانتوانی پێشبینی سەرهەڵدانەکە بکەن و لە تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی شکستیان هێناوە. ستراتێژیی بەرزکردنەوەی ئاستی توندوتیژیی لەلایەن ڕێژیمەوە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ کەس کە نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات. ئیعدامکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن ڕێژیم بۆتە هۆی پرینگانەوەی زۆرتری خەڵک لێی. وێدەچی کۆماری ئیسلامی پێگەی خۆی لەکیس بدا.

بە یارمەتیی واشینگتۆن

وەکو ئێمە لە ٢٠٢٠ باسمان کرد، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ لە هەوڵی گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا بێ. سەرەڕای ئاکامی نادیار، ڕەنگبێ ئەوە تەنیا ڕێگا بۆ هێواش‌کردنەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بێ و، ئەوە دەستێوەردانە بەردەوەمەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ لەنێو نابا، بەڵام سنوورداری دەکات. بەڵام سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی سیاسی ئێران لە نێوخۆ دەمێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی سەرکۆمار جۆ بایدن دەتوانێ هەنگاو بەرەو پشتگیریی، خێراکردن و ڕەنگبێ تەنانەت ڕێنوێنی پرۆسەی شۆڕشگێرانەش هەڵێنێ.  

یەکەم، وڵاتە یەگرتووەکان دەبێ بە فەرمی کۆتایی بە وتووێژ لەگەڵ ئێران لەمەڕ گەڕانەوەی گوماناوی بەرجام، ڕێککەوتنێک کە پێشوەچوونەکانی ئێران بەرەو چەکی ناوکی لە بەرانبەر سووککردنی گەمارۆکان، هێواش دەکاتەوە، بێنێ. وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها دەبێ ڕوونی بکاتەوە کە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئێرانی کە خەڵکی ئێران سەرکوت و وڵاتانی دراوسێ ناسەقامگیر دەکات، وتووێژ ناکات. ڕاگەیاندنی ئەوتۆ توانایی ڕێژیم بۆ دروستکردنی هیوا لەنێو جەماوەر بە ئەگەری هەڵگیرانی گەمارۆکان لە ژێر دەسەڵاتداریی ئەواندا لەناو دەبا.

داخستنی دەرگای دانوستان بەئاشکرا هەروەها دەتوانێ دەستی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بۆ چەسپاندنی تەواوەتی ئەو گەمارۆیانەی کە هەر ئێستا ڕاگەیەنراون ئاواڵا بکات. وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ ئەو کاربەدەستە ئێرانییانە بکاتە ئامانج کە بەرپرسی گەورەترین پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤن، کە دەبێتە هۆی بووژانەوەی هیوا لە ناو خەڵکی ئێراندا بۆ بەرپرسیار کردنی دەوڵەت. ئەوە دەبێ هاوکات بێ لەگەڵ لێدوانەکانی دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەمەڕ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بە هەموو توانا و ڕاکێشانی سەرەنج بەرەو خراپترین لایەنەکانی سەرکوت.

وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ هەروەها هەوڵ بدا سانسۆر نەهێڵێ و پشتگیریی دابەشینەوەی زانیاریی لەنێو خۆپیشاندەران بکات. ناردنی وەرگری ستارلینک، کە لەلایەن ئیلان ماسک پێشنیار کرابوو، دەتوانێ هەوڵێکی ئەوتۆ بێ بۆ یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەور لێدانەوەی سانسۆری ڕێژیم و داخستنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال مێدیا. ئاپی دیکە، وەک یوشاهیدی ، بۆ چاودێریی هەڵبژاردن لە وڵاتانی ژێر سەحرای ئەفریقا کەلکی لێ وەرگیراوە تا ڕێگا بە دەنگدەران بدەن وێنەی شوێنەکانی دەنگدان بڵاو بکەنەوە. بەرنامەی ئەوتۆ دەتوانن بۆ مەبەستی دیکە بەکار بێن، وەک ڕێگادان بە ئێرانییەکان تا وێنەی ئاکارە ناڕەزایەتییەکانیان لە شوێنە جیاجیاکانی وڵات بڵاو بکەنەوە و بەو شێوەیە ڕێگا بە تاقمە جیاوازەکانی خۆپیشاندەران بدەن تا خۆیان ڕێک بخەن و، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پەلوپۆ بخەن و کاری ڕێژیم بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دژوارتر بکەن. وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ کەڵک لە کاناڵەکانی پڕ خوازیاری سۆشیال مێدیا، وەک تێلێگرام، وەرگرێ تا زانیاریی دروست لەمەڕ ئەوەی لە سەرانسەری وڵاتدا لە ئارا دایە بدات بە خۆپیشاندەران، لەنێویاندا خۆپیشاندان، پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، و ئیعدامەکان. پەرە پێدان و کەڵکوەرگرتنی داهێنەرانە لە کاناڵی پەیوەندیگرتنی ئەوتۆ دەتوانێ یارمەتیدەری سەرهەڵدانی ڕێبەرانی خۆپیشاندانەکان بێ و پرۆپاگاندای ڕێژیم پووچەڵ بکاتەوە.

لەگەڵ ئەوانەدا، وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ پەرە بە بەرنامەکانی "دەنگی ئەمریکای فارسی" و "ڕادیۆ فەردا" بدا و پشتیوانی دارایی بۆ کاناڵە تاکییەکانی تەلەفزیۆنیی کە ئێرانییەکانی تاراوگە بەڕێوەیان دەبەن پێشکەش بکات کە دەتوانێ سووتەمەنیی زۆرتر بۆ ئاگری سەرشەقامەکانی شارەکانی ئێران دەستەبەر دەکات. هەنووکە، پێشبینی دەکرێ وڵاتە یەکگرتووەکان کەمتر لە ٣٠ میلیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ بڵاوکردنەوەی بەرنامە بەرەو ئێران تەرخان بکات. ئەوە نموونەیەکە کە تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی کەم بەسەر کێشەکەدا، دەتوانێت کاریگەرییەکی ناهاوڕێژەی هەبێ.

بە گوێرەی نیویۆرک تایمز، لە دێسەمبەری ٢٠٢٢، کرێکارانی بەشی نەوت و پۆڵا وەک پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەستیان لە کار کێشایەوە و بەو شێوەیە مەزنترین مانگرتنی گشتیی ئێرانیان خوڵقاند. واشینگتۆن دەبێ هەموو هەوڵی خۆی بۆ پشتگیریی لەو کردەوانە بدات و یارمەتیی چالاکانی سەندیکاکانی کرێکاریی بدات تا هاوکاریی یەکتر بکەن. یارمەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ جووڵانەوەی دژە دیکتاتۆڕیی هاوپشتی لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ یارمەتیدەری هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەت بوو. هەوڵێکی هاوشێوە لە ئێرانی ئەمڕۆ، دەتوانێ یارمەتیدەری تێکڕمانێکی ئەوتۆی کۆماری ئیسلامی بێ.

ڕێژیمی ئێران نزیکی نیو سەدەیە دەسەڵاتی وڵاتی بەدەستەوەیە. لەو ماوەیەدا، بە شێوەیەکی سەرەنجڕاکێش خۆڕاگر بووە، داواکانی مافەکانی مرۆڤ و مودێڕن کردنی ڕەت کردوونەوە. لە ئێستادا، وێناچی ناڕەزایەتییەکان دەوڵەت بڕووخێنن، بەڵام شۆڕشەکان لەخۆیاندا پێشبینی نەکراون. لەبەر جەماوەری ئێرانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمنییەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا، بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەبێ هەموو کارێک بکات تا دڵنیا بێ ئەو ئێرانییانەی گیانیان لە مەترسی داوێن تا ئاڵوگۆڕ پێک بێنن، لە وەرگرتنەوەی وڵاتەکەیاندا سەر کەون.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.