ئارمان حوسێنی
پێش ئەوەی بچینە نێو تەوەری سەرەکیی بابەتەکە، پێویستە بزانین بنەڕەتی مافی چارەی خۆنووسین یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێونەتەوەییە، کە لە مادەی یەکی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا ئاماژەی پێ کراوە.
وشەی "خۆ" لە دەستەواژەی " چارەی خۆنووسین" یان مافی دیاریکردنی چارەنووس، چەندین تێڕوانین و لێکدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەو مانایەی کە هەرکام لە لایەنەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و هاوتەریب لەگەڵ خواستی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ کردووە. ئەو حکوومەتانەی کە وڵاتیان لە پاوانی خۆیان ناوە، پێیان وایە "خۆ" بە واتای "حکوومەت" دێت، چونکە ئەم حکوومەتانە نوێنەرایەتیی جوغرافیایەکی سیاسی دەکەن و بە لێکدانەوەی خۆیان، خۆیان بەرپرسی میللەتن. لەلایەکی ترەوە ئەو گەلە ستەملێکراوانەی کە بە دیل گیراون، پێیان وابوو کە "خۆ" واتە گەل، بەو لێکدانەوەیەی کە ئەو خەڵکە مافی ئەوەیان هەبێت کە ئازادانە بڕیار لەسەر خۆیان و چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئێستا لە چەمکی "مافی چارەی خۆنووسین" لە ئێراندا دەکۆڵینەوە. هەموومان ئاگاداری ئەم بابەتەین کە لەگەڵ هێنانەکایە و سەپاندنی سیستەمی نوێی دەوڵەت - نەتەوە بەسەر ئێراندا، گەلانی غەیرە فارسی وەک کورد، عەرەب، بەلووچ، تورک و گیلەک، تورکمەن و هتد سەرەڕای ئەوەی نەبیندران و پەراوێز خران و هەوڵی تواندنەوەیان دراوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و پێوشوێنی مافەکانیان کەوتوون، هەروەها بۆ بەدیهێنانی ئەم مافانەش ڕێگای خەباتی خوێناوییان گرتووە پێش؛ بەڵام بەداخەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر هەتا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگییەکی ئەوتۆی بە خەبات و داخوازییەکانی گەلانی غەیرە فارس لە ئێراندا نەداوە. خەباتگەلێک کە پێشکەوتنخوازانە و مروڤتەوەر و هەڵگری بەها گەردوونییەکان بووە، بەڵام ئەوەی کە کۆمەڵگەی جیهانی دواجار و هەتا ئێستاش باوەشی بۆ گرتۆتەوە، "حکوومەت"ی ئێرانە، نەک "گەلانی" ئێران.
پرسی مافی چارەی خۆنووسین ئەوەیە کە تێڕوانینی سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ڕەچاوکردن و بەدیهێنانی ئەسڵی چارەنووس دەبێت گەرەنتی سەقامگیری، ئاشتی و ئاسایشی نێوان "دەوڵەتەکان" بکات، نەک "خەڵک". بە واتایەکی تر پێویستە ڕێز لە سەقامگیری و ئاسایشی نێوخۆیی وڵاتان بگیرێت و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان نەکرێت. لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەوەی پرسی نێوخۆی وڵاتان پێوەندیی بەخۆیانەوە هەیە و حکوومەتەکان بەپێی یاسا مافی خۆیانە ئەمنییەتی نێوخۆیی خۆیان دەستەبەر بکەن، تەنانەت بە تێچووی حاشاکردن لە توانەوەی چەند نەتەوەیەک لە گوتار و فۆرمێکی دیاریکراوی حوکمڕانیدا. نموونەی ئاشکرای ئەوەش ئێرانە کە سەرەڕای ئەوەی گەلانی غەیرە فارس بوونەتە قوربانی و لەپێناو مافەکانیاندا قوربانی دەدەن و لە خەباتە سەخت و خوێناوییەکەیان بەردەوامن، هەروا سەرەڕای بوونی میکانیزمی پشتیوانی یاسایی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرینگی بە مافی چارەی خۆنووسینی ئەم گەلانە تەنانەت لە ئاستێکی کەمیش نادات.
مافی چارەی خۆنووسین ئاست و فۆڕمی جیاوازی هەیە، لەوانە: سەربەخۆیی، کۆنفیدڕاڵی، فیدراڵی، خودموختاری، خۆبەڕێوەبردن. بەڵام ئەوەی گەلانی ستەملێکراو لە ئێران لە سەرەوەی ئەوان نەتەوەی کورد داوای دەکەن، دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسینیان لە فۆرمی "فیدراڵی"دایە. سەرەڕای ناونیشانێکی ڕوون و بڕواپێکراو کە لە ڕاستیدا و بەپێی زۆر فاکت و پێوەر نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران دەکات واتە "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلانی ستەملێکراو و خەڵکی خەباتکار قەبووڵ ناسەلمێنێت کە ئەمە دەتوانێت بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕاستییە بێت کە "مافی چارەنووسی خۆنووسین" کە بە یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دێتە دادەنرێ و سەرەڕای ئەوەی بنەڕەتێکی یاساییە، بەڵام لە هاوکێشە سیاسییەکانی نێوان وڵاتاندا دەستی بەسەردا گیراوە. چونکە ئەگەر دەوڵەتەکان ئەو ئەسڵە حقوقییەیان بە شایەنی ڕێزگرتن و گشتگیر بزانیبا، بایەخیان بە هەموو خوێن و کوشتاری کورد و گیلەک و نەتەوەکانی تری چەوساوەی ئێران دەدا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەگشتی کۆمەڵگەی جیهانی لەوانەیە پێویست نەکا بە تۆپزی پشتی خەڵکی ئێران بگرن، هەر ئەوەندە کە واز لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی ئێران بێنن، خەڵکی ئەو وڵاتە دەتوانن و دەزانن کە چۆن ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە بە زبڵدانی مێژوو بسپێرن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.