
کچانی ئازادیخوازی قوتابخانەی ڕێحان لە شاری سنە، ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کچانی بوێری قوتابخانەی ڕێحان لە شاری سنە، لە ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە نووسینی دورشمی تایبەت بەو ڕۆژە و پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"، ٢ی ڕێبەندانیان لە هەموو گەلی کورد پیرۆز کرد و پەیمانی درێژەدانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدی نەمر قازی محەممەد، یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان دووپات کردەوە.
کچە ئازادیخواز و نەتەوەییەکانی سنەی قارمان، لە قوتابخانەی ڕێحان بە نووسینی دروشمی تایبەت بەو یادە مەزنە، یادی کۆماری پڕ لە شانازیی کوردستانیان کردەوە و بەو بۆنە پیرۆزەوە، دوای تەواوبوونی قوتابخانە بە جلی ڕەنگینی کوردییەوە خۆیان ڕازاندەوە و پەیامی بەردەوامبوون لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییان دووپات کردەوە و بە داگیرکەریان وتەوە کە ئێرە خاکی کوردستانە و تاج و عەمامە لێرە لەدایک نەبووە، بەڵام لێرە دەنێژرێت.