کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی پێشەوا بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی لەسەر وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆمار پێداگرییان کردەوە

12:20 - 3 رێبەندان 2722

لە درێژەی کار و چالاکییەکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازی جۆراجۆر ئەو یادە پیرۆزیان بەرز ڕاگرت و پێداگریی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمار دووپات کردەوە.

شەوی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، قوتابییانی پێشوا لە شاری مەهاباد و دەوروبەی بە ئەنجامدانی چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان دووپات کردەوە و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە کە ڕۆڵەکانی کوردستان دەست لە مافە نەتەوەییەکانی خۆیان هەڵناگرن.

ئەو شوێنانەی کە لە مەهاباد چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: نێو شاری مەهاباد، گەڵکۆی شەهید شاهۆ خزری، گوندەکانی سەرچنار، حاجی حەسەن، قەباکەندی، خانکەندی و حاجی لەک.

هاوکات لە بۆکان ئەندامانی تێکۆشەری دێموکرات بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بە بەڕێوەبردنی چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغی و سەردانی گڵکۆی شەهیدان، پێگە و شکۆیەکی تایبەتیان بەو یادە پیرۆزە دا و سەلماندیانەوە کە بیری نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.

ئەو شوێنانەی لە بۆکان چالاکیی تێدا کراوە: نێو شار، گەڕەکەکانی باخی قازی، میراوا و موجتەمەعی ئیدارات، مزگەوتی بازاڕ، گوندەکانی یاغیان، سڵامەت، باغلوچە و مەدرەسەکانی شەوانەی خومەینی، ١٤ی خورداد، حەریری و لاهیجانی.

جێگەی ئاماژەیە کە تێکۆشەرانی دێموکرات لە ڕێگای پۆستەوە وێنەی شەهید پێشەوا و تراکتیان بۆ هەموو ئیداراتی ڕێژیم و کەسایەتییەکان، مامۆستایانی قوتابخانە و ئایینی و پزیشکەکان و زانکۆکانی ئازاد و پەیام‌نوور و دانشکدەی پەرستاری ناردووە.

بەو بۆنەوە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بەندی ورمێ و زانکۆی سەنعەتیی ئەو شارە، بە هەڵکردنی لۆگۆی حیزبی دێموکرات و نووسینی دروشم یادی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت و نیشانیان دا کە چرای خەباتی کورد هەروا گەشە دەکات.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شیناوێ و ناوچەی لاجانی پیرانشار بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە شێوەیەکی بەرین چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و نیشانیان دا کە دامەزرانی کۆماری کوردستان مێژوویەکی زێڕین لە خەباتی گەلی کوردە.

هاوکات لە شاری بانە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ماڵی خۆیاندا یادی ٢ی ڕێبەندانیان جێژن گرت.

هەروەها لە گوندی حەسەن نوورانی شنۆ، ڕێبوارانی ڕێبازی پێشوا بە بڵاوکردنەوەی تراکت یادی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز نرخاند.